رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئارامی و دڵنیایی لەنێوان یانەی بارسێلۆنا و فرێنکی دی یۆنگدا بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، بەڵام کێشەیەکی یاسایی پرۆسەکەی راگرتووە و پەیوەندی بە بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانە هۆڵەندییەکەوە هەیە.
یانەی بارسێلۆنا بەتەواوی دڵنیایە لە مانەوەی دی یۆنگ، بەڵام ناتوانێت بەفەرمی گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەستپێبکات، تاوەکو ئەو یاریزانە چارەنووسی خۆی لەگەڵ عەلی دورسونی بەڕێوەبەری کارەکانی یەکلایی نەکاتەوە. دی یۆنگ هێشتا بەشێوەیەکی یاسایی لەو بەڕێوەبەرە تورکە جیانەبووەتەوە، کە لە سەردەمی یاریکردنی لە ئەیاکسەوە کاری لەگەڵ دەکات، بۆیە یانە کەتەلۆنییەکە چاوەڕێیە یاریزانەکە نوێنەرێکی نوێ دیاریبکات.
سەرەڕای ئەم بەربەستە، هەردوولا خواستی مانەوەیان پێکەوە هەیە و پەیوەندییەکان ئەرێنین. گرێبەستە ئێستاکەی دی یۆنگ لە 30ـی مانگی 6ـی 2026 کۆتاییدێت، کە لە مانگی 10ـی 2020 واژۆی کردبوو و رازیبوو بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەشێک لە مووچەکەی دوابخرێت.
دی یۆنگ، کە تەمەنی 28 ساڵە، هەمیشە بارسێلۆنای بە بژاردەی یەکەمی خۆی داناوە. لە هاوینی 2022 ئۆفەرێکی گەورەی مانچێستەر یونایتدی رەتکردەوە، هەرچەندە ئیریک تێن هاگی راهێنەری پێشووی لەوێ بوو.
ئەستێرە هۆڵەندییەکە دوای تێپەڕاندنی پێکانەکەی، وەرزی رابردوو لەژێر سەرپەرشتی هانزی فلیک ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و بووە یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی هێڵی ناوەڕاست لە تەنیشت پێدری.
دی یۆنگ تەنانەت توانیویەتی رای هاندەرانیش بگۆڕێت، دوای ئەوەی پێشتر بەشێکیان داوای رۆیشتنیان دەکرد و لە یاریی جامی خوان گامپەریش فیکەی ناڕەزایی بەرامبەر لێدرا. ئێستا کاپتنی سێیەمی یانەکە بووەتە یەکێک لە خۆشەویسترین یاریزانەکان و بەردەوام لەلایەن هاوڕێکانییەوە ستایشی کوالێتی و کەسایەتییەکەی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ