بەر لە مۆندیال، جەنگی مافیاکان لە سەر شەقامەکانی مەکسیک دۆخەکەی شڵەقاندووە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن مۆندیالی 2026 جەنگی مافیاکانی هۆشبەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شاری گوادالاخارای مەکسیک، یەکێک لەو شارانەی میوانداریی یارییەکانی مۆندیالی داهاتوو دەکەن، شەپۆلێکی گەورەی تووندوتیژی فراوان و کوشتنی بەخۆوەبینی، پاشئەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە، بازرگانێکی گەورەی هۆشبەریان کوشت.
 
ئەگەرچی سەرۆکی مەکسیک، ئاساییبوونەوەی بارودۆخی شارەکە و تەواوی وڵاتی لە پاش رووداوەکە راگەیاند، بەڵام سەرچاوە میدیاییەکان ترسیان لە شڵەژانی زیاتری دۆخی وڵاتەکە هەیە، لە کاتێکدا تەنیا چوار مانگ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیال.
 
مەکسیک، هاوشانی ئەمریکا و کەنەدا، میوانداریی یارییەکانی مۆندیالی 2026 دەکات. ئەو وڵاتە بڕیارە چەند یارییەکی پاڵەوانێتییەکە لە ئامێز بگرێت، کە هەندێکیان لە شاری گوادالاخارا بەڕێوەدەچن.
 
حکومەتی مەکسیک رایگەیاند، هێزە ئاسایشپارێزە فیدراڵییەکانی وڵاتەکە، لە پڕۆسەیەکدا، نیمیسیۆ ئۆسیگێر سێرڤانتس ناسراو بە 'ئێل مینچۆ'، کە سەرکردەی کارتێلی خالیسکۆیە و نەوەی نوێی مەترسیدارترین رێکخراوە مافیاییەکانی وڵاتەکەیە، کوشتووە.
 
سەرچاوە رۆژنامەوانییە نێوخۆییەکانی مەکسیک گوتیان، پەرچەکرداری رێکخراوە مافیاییە بازرگانەکەی هۆشبەر وەکئەوەی پێشبینی دەکرا، تووند و خێرابوو. چەکدارەکانی سەر بەو مافیایە رێگە سەرەکییەکانی شارەکەیان داخست، ئاگریان لە ئۆتۆمبێل و دامەزراوە بازرگانییەکانی ویلایەتەکە بەردا.
 
پەرچەکرداری تووندی رێکخراوە مافیاییەکە، سنوورێکی گەورەی لە ویلایەتەکانی باکووری وڵاتەکە گرتەوە، چەندین دامەزراوەی بازرگانی لە ناوچەکانی خالیسکۆ، میچواکان، گواناخواتۆ، کۆلیما، نایاریت و تاماولیباس سووتێنران، کە بوونە هۆی پەککەوتنی بەشێکی ژیان لەو ناوچانە و تۆقاندنی دانیشتووانەکەی.
 
فڕۆکەخانەی گوادالاخاراش بەهەمان شێوە پشێوییەکی گەورەی بەخۆوەبینی. گرتەی ڤیدیۆیی دەوروبەری فڕۆکەخانەکە بڵاوبوونەوە، کە گەشتکەران لە چواردەوری فڕۆکەخانەکە هەڵدێن، لە کاتێکدا دەنگی تەقە بەسەر دیمەنەکاندا زاڵە.
 
دەسەڵاتدارانی مەکسیک داوایان لە دانیشتووانی ناوچەکە کرد، لەپێناو سەلامەتیی خۆیاندا، لە ماڵەکانیان بمێننەوە، تاوەکو دۆخی ئاسایش سەقامگیر دەبێت.
 
پێشهاتەکان لە کات و ساتی یەکجار هەستیاردا روویاندا، مەکسیک خۆی بۆ میوانداریکردنی بەشێک لە یارییەکانی مۆندیالی 2026 ئامادە دەکات، ئەوەش جارێکی دیکە تیشک دەخاتەوە سەر ئاڵنگارییە ئاسایشییەکانی ئەو شارانەی بڕیارە میوانداریی رووداوەکە بکەن، هاوکات هێزە ئاسایشییەکانی وڵاتەکە دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورە، بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتیی هاندەران و ئەو هەڵبژاردانەی روو لە وڵاتەکە دەکەن.
 
بەرپرسانی مەکسیک دەڵێن، ئۆسیگێرا لە پڕۆسەیەکی هاوبەشی سەربازیدا رۆژی یەکشەممە کوژراوە، لە هەنگاوێکدا کە بەگورزێکی کوشندە بۆ ئیمپڕاتۆریەتی هۆشبەری سەر بەو کەسە ناودەبرێت.
 
باڵیۆزخانەی مەکسیک لە ئەمریکا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، زانیاریی هەواڵگریی داوەتە مەکسیک کە هۆکاربووە بۆ کوشتنی ئەو سەرکردە مافیاییە.
 
'ئێل مێنچۆ' بەیەکێک لە مەترسیدارترین داواکراوە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاداشتێکی بەبڕی 15 ملیۆن دۆلار بۆ پێدانی زانیاری کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی لەبارەی ئەوەوە خستبووە روو.
 
حکومەتی مەکسیک دەڵێت ئەو کارتێلەی 'مێنچۆ' بەڕێوەی دەبرد، بە بەهێزترین تۆڕە تاوانکارییەکانی وڵاتەکە دادەنرێت، هەروەها یەکێکە لە قاچاخبەرانی کۆکایین بۆ ئەمریکا. ئەمە جیا لە تێوەگلانی لە تۆڕەکانی بەقاچاخبردنی بەنزین و چالاکیی دیکەی تاوانکاریی لەسەر سنوورەکانی نێوان مەکسیک و ئەمریکا.
 
لەگەڵ ئەو پشێوییە ئاسایشییەی مەکسیکی گرتووەتەوە، سوپای ئەو وڵاتە خۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەکانی پەیوەست بەمۆندیال ئامادە دەکات، لە رێگەی مەشقکردن لەسەر لەکارخستن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو درۆنە مۆڵەتپێنەدراوانەی، دەکرێ مەترسی لەسەر یاریگە میوانداریکەرەکانی مۆندیال دروست بکەن.
 
سەربازانی مەکسیک لە بنکەیەکی سەربازیی نزیک لە مەکسیکۆ سیتی پایتەخت، کەلوپەل و شێوازی نوێیان لە مەشقەکانیاندا بەکارهێنا، بۆ پاراستنی یاریگەکان و هاندەران لەکاتی مۆندیالدا.
 
پۆلیسی مەکسیک پێشتر رایگەیاندووە، مافیاکانی هۆشبەر، لە رێگەی کڕینی درۆنی مۆڵەتنەدراوەوە لە ئینتەرنێت، هێرشدەکەنە سەر یەکدی لەو ناوچانەی تاوان تێیدا بڵاوە.
 
مەکسیک بڕیارە لە شارەکانی مەکسیکۆ سیتی لە ناوەڕاستی وڵات، گوادالاخارا لە رۆژئاوا و مۆنتێری لە باکووری وڵاتەکە، میوانداریی 13 یاریی لە کۆی 104 یاریی پاڵەوانێتییەکە بکات.
 
حکومەتی مەکسیک دەڵێ، پلانی ئاسایشیی تووندی هەیە کە بەهاوکاریی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی ئەنجامی دەدات، لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی ئەو هاندەر و هەڵبژاردانەی بۆ رووداوە وەرزشییە گەورە جیهانییەکە، روو لە وڵاتەکە دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە