رووداو دیجیتاڵ
لە دوای وەستان بۆ ماوەی دوو هەفتە، خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و گوتەبێژی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "لەدوای پشووەکان دەستپێدەکەینەوە".
خولی نایابی کوردستان، 19 گەڕی تێپەڕاندووە و تەنیا سێ گەڕی ماوە خولەکە کۆتایی پێبێت، هەرچەندە یانەی هەندرێن بەفەرمی و پێشوەختە بووەتە پاڵەوانی خولەکە، بەڵام دڵەڕاوکێیەکە بۆ ئەو تیپانەیە کە شەڕی مانەوە لە خولەکەدا دەکەن.
خولی پلەیەکەکانی کوردستانیش بەهەمانشێوە تەنیا چوار گەڕی ماوە و رکابەرییەکە لە بەهێزترین ئاستتدایە، چونکە چوار یانە سەردەکەون و چوار یانەش دادەبەزن بۆ خولی پلە دووەکان.
لەسەر دەستپێکردنەوەی خولەکە، دارەوان حەمە، گوتەبێژی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بە رووداو سپۆرستی گوت "هەرچەندە هەتاوەکو ئێستا بەدڵنیایی دیار نییە کە چ رۆژێک دەست بە خولەکانی کوردستان دەکرێتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە لەدوای پشووی جەژن دەستپێدەکەینەوە و ئینجا یان لە سەرەتای مانگی داهاتوو دەبێت یان کۆتایی ئەم مانگە، ئەمەش لیژنەی پێشبڕکێکان بڕیاری لەسەر دەدەن و لەم دوو رۆژە بڕیاری کۆتایی لێدەدەین".
دوو گەڕی رابردووی خولی پلەیەک و نایاب ، بەبێ هاندەر بەڕێوەچوون و لە وەڵامی پرسیاری ئەم بابەتە، گوتەبێژی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان زیاتر گوتی "ئەم بڕیارە لەپێناو سەلامەتی هاوڵاتیاندایە، هەروەک دەبینن یاریی هەولێر بەرامبەر دیالە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەبێ هاندەر بەڕێوەدەچێت، بەهەمانشێوە لەبەر سەلامەتی هاندەرانە، ناشکرێت لە دەڤەرێک یارییەکان بەبێ هاندەر بێت و لە دەڤەرێکیش هاندەر ئامادە بێت، نامانەوێت ئەو جیاوازییە هەبێت" .
بەهۆی بارودۆخەکەوە، خولی پلەدووی کوردستانیش دواخرا بۆ مانگی 10ـی ئەمساڵ و کێشەکانی ناوچەکە هۆکاری دواخستی خولەکە بوو و یانەکانیش ئەم بڕیارەی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستانیان قبوڵ کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ