بایرن لە ترسی ریال مەدرید دەستی بە جموجۆڵ کردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیاری حەسەن
نیشانەکردن لێنارت کارل بایرن میونشن یانەی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی بایرن میونشن بەوریایی هەنگاو بۆ دەستەبەرکردنی داهاتووی درێژخایەنی یەکێک لە گەشاوەترین بەهرەمەندەکانی ئەکادیمیاکەی، لینارت کارل دەنێت، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەو یاریزانە خواستێکی زۆری لەلایەن یانەکانی دەرەوەی ئەڵمانیاوە لەسەرە و راپۆرتەکان ناوی ئەم یاریزانە لاوەیان بە گواستنەوەی بۆ یانەی ریال مەدرید بەستووەتەوە.
 
کارل تەمەنی 18 ساڵە، ئەو یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاستی هێرشبەرییە و دەتوانێت لە هەردوو باڵیش یاری بکات، لە ناوخۆی یانەی بایرن وەک یەکێک لە دیارترین بەهرەمەندەکانی ئێستای یانەکە سەیر دەکرێت، کارل خاوەن توانایەکی تەکنیکی بەرزە، لە رووبەڕووبوونەوەی یەک بەرامبەر یەکدا متمانەی بەخۆیەتی و لە بڕیاردانەکانیدا خاوەن ژیرییەکی بەرزە، ئەو بەخێرایی لە ریزەکانی لاوانی یانەکەدا گەشەی کردووە و وەک پڕۆژەیەکی درێژخایەن بۆ تیپی یەکەم دەبینرێت.
 
گرێبەستەکەی ئێستای بڕگەیه‌کی درێژکردنەوەی ئۆتۆماتیکی تێدایە کە لەگەڵ گەیشتنی بەتەمەنی 18 ساڵی چالاک بوو، بەمەش تاوەکو ساڵی 2029 بە یانەی بایرنەوە دەبەسترێتەوە.
 
وەک خەمڵاندن ساڵانە نزیکەی 2 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، بەڵام پاڵەوانەکەی ئەڵمانیا ئێستا پلانی بۆ گەرەنتییەکی زیاترە بۆ داهاتووی ئەو یاریزانە لاوە، لە ناوخۆی یانەکەدا ئارەزوویەکی بەهێز هەیە بۆ پێشکێشکردنی درێژکردنەوەیەکی دیکەی گرێبەستەکەی، رەنگە بیگەیەنێتە ساڵی 2030 یان 2031، لەگەڵ باشترکردنی مووچەکەی، کە باس لەوە دەکرێت ساڵانە لە نێوان 5 بۆ 8 ملیۆن یۆرۆ وەربگرێت.
 
هۆکارەکەی لای بایرن میونشن روونە، پاراستنی کارل، پاراستنی سەرمایەیەکی گرانبەهایە، دوورکەوتنەوە لە نادیاریی دەربارەی داهاتووی یەکێک لە بەهرەمەندەکانیان و پاراستنی ئارامی یانەکە لەکاتێکدا یانە گەورەکانی ئەورووپا لە نزیکەوە چاودێری گەشەکردنی ئەو ئەستێرەیە دەکەن، سەرەڕای ئەم مەبەستە، تاوەکو ئێستا هیچ دانوستانێکی یەکلاییکەرەوە و راستەوخۆ لە نێوان بایرن و نوێنەرانی یاریزانەکە ئەنجام نەدراوە.
 
ئەوەی دۆخەکە ئاڵۆز دەکات، ئەو راپۆرتانەن کە ئاماژە بەوە دەکەن کارل کراوەیە بۆ بیرۆکەی پەیوەندیکردن بە ریال مەدریدەوە لە داهاتوودا، میدیای ئەڵمانیا دەڵێت، زەبەلاحەکەی ئیسپانیا چاودێری پێشکەوتنەکانی ئەو یاریزانە دەکەن و وەک بەشێک لە ستراتیژیی کڕینی درێژخایەنیان داناوە، بەڵام ئەوانیش تاوەکو ئێستا هیچ پێشنیازێکی فەرمی و هیچ سیناریۆیەکی گواستنەوەی دەستبەجێیان ئامادەنەکردووە، بەڵام تەنیا هەبوونی ئارەزووی مەدرید گوشار دەخاتە سەر پلاندانانی بایرن.
 
بایرن بەهۆی بڕگەی درێژکردنەوە ئۆتۆماتیکییەکەوە لە پێگەیەکی بەهێزدایە بۆ یەکلاییکردنەوەی گرێبەستەکە، ئەو یاریزانە دوو رۆژ لەمەوبەر بووە 18 ساڵ و راستەوخۆ گرێبەستەکەی تاوەکو 2029 درێژبووەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، مانگەکانی داهاتوو دەکرێت گرنگ بن لە دیاریکردنی داهاتووی درێژخایەنی کارل، ململانێی دەستەبەرکردنی یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین هێرشبەرە لاوەکانی ئەڵمانیا لە پشت پەردەوە خەریکە دەست پێدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە