ڤاردی بە پەیامێکی ماڵئاوایی لە لێستەر سیتی دەکات

24-04-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن جەیمی ڤاردی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جیمی ڤاردی، ئەستێرەی یانەی لێستەر سیتی، لەڕێی تۆمارێکی ڤیدیۆییەوە، پەیامی ماڵئاوایی بۆ هاندەرانی یانەکە نارد. پاش چەند رۆژێکی کەم لە بەفەرمی دابەزینی یانەکەی بۆ خولی چامپیۆنشیپی ئینگلتەرا.
 
جەیمی ڤاردی، ئەو ئەستێرەیەی کە بەشێک بوو لە یەکێک لە جوانترین چیرۆکەکانی تۆپی پێ، کاتێک سەرکردایەتی یانەی لێستەر سیتی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگی 2015/2016، ئەمڕۆ دوای 13 ساڵ یاریکردن لە ریزەکانی ئەو یانەیە، ماڵئاوایی خۆی لە یانەکە راگەیاند.
 
جەیمی ڤاردی لەگەڵ یانەی لێستەر سیتی لە 496 یاریدا، 198 گۆڵ و 69 ئەسیستی کردووە و توانیویەتی نازناوەکانی، پرێمەرلیگ، فا کەپ و  قەڵخانی خێرخوازیی ئینگلتەرا بباتەوە.
 
ڤاردی خاوەنی ریکۆردی تۆمارکردنی گۆڵە لە 11 یاریی لەسەریەکی پرێمەرلیگ و هیچ یاریزانێک نەیتوانیوە ئەو ژمارەیەی ئەو هێرشبەرە ئینگلیزییە بشکێنێت.
 
ئەفسانەکەی لێستەر سیتی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند "هاندەرانی لێستەر سیتی، ئێوە منتان لە دڵتاندا هەڵگرتبوو و لە کاتە سەختەکاندا لەگەڵم وەستان، واتان لێکردم بگەمە باشترین ئاستی خۆم، هەردەم هەستم بە پاڵپشتیتان کردووە و نازانم چۆن ئەوە روونبکەمەوە کە چەند کاریگەر بوون لەسەرم، من یەکێکم لە ئێوە و پێمناخۆشە کە ماڵئاوایی من دوای وەرزێکی باش نەبوو".
 
دەربارەی وازهێنانی رایگەیاند "ئەمە پەیامی وازهێنان نییە، بەڵکو پەیامی رۆیشتنە لە لێستەر سیتی، من دەمەوێت بەردەوام بم لەو شتەی کە چێژم پێدەدات، گۆڵکردن، سەرەڕای ئەوەی تەمەنم 38 ساڵە، من حەزم لێیە بەردەوام بم لە یاریکردن".
 
لێستەر سیتی ئەم وەرزە، لە پلەی 19می پرێمەرلیگە و بەشێوەیەکی فەرمی دابەزیوە بۆ خولی چامپیۆنشیپی ئینگلتەرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە