کوردێک میدالیای زێڕی لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ بردەوە

24-07-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان سێیەم میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیادی تۆکیۆی بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی نیشانە شکێنی هەواییدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

جەواد فروغی، یاریزانێکی کوردی خەڵکی شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەڵبژاردەی ئێران یارییدەکات و بەشداریی لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆدا کردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رکابەرییەکانی یاریی نیشانە شکێنی هەواییدا بە دەمانجە لە دووریی 10 مەتر، توانیی پلەی یەکەمی ریزبەندی رکابەرییەکە بباتەوە و سێیەم میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ و یەکەم میدالیای بۆ ئێران بەدەستهێنا.

یاریزانە کوردەکە لە یارییەکەدا ریکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد و توانیی 244.8 خاڵ کۆبکاتەوە و میدالیای زێڕی یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.

دەمیر میکیچی سێربی پلەی دووەم و میدالیای زیوی بەدەستهێنا و پانگ وەی چینیش پلەی سێیەم و میدالیای برۆنزی یارییەکەی بردەوە.

ئەکاونتی فەرمی ئۆڵیمپیاد لەسەر تویتەری خۆی نووسیوویەتی " جەواد فرۆغی میدالیای زێڕی لە یاریی نیشانە شکێنی هەوایی پیاواندا بردەوە و لە یەکەم دەرکەوتنیدا ریکۆردی ئۆڵیمپی شکاند، هەربژیت ".

یاریزانە کوردەکە مێژوویەکی گەورەی تۆمارکرد و بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی ئێراندا، لە یاریی نیشانە شکێنیدا میدالیای زێڕ بۆ ئەو وڵاتە بباتەوە.

ئێران بە 66 یاریزان بەشداریی لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆدا کردووە، یەکێک لەو یاریزانانە جەواد فرۆغیی خەڵکی ئیلامە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە