لە لادانی ناوی لەسەر شەقامەکانەوە بۆ هەڕەشە؛ گوشارەکان بۆ سەر عەلی دایی تووندتر بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

گوشارەکان بۆ سەر عەلی دایی، ئەفسانەی تۆپی پێی ئێران و جیهان، تەنیا بە سڕینەوەی ناوی لەسەر شەقامەکانی تاران کۆتاییان نەهات، بەڵکو ئێستا هەڕەشەی "لەسێدارەدان"ـیشی دەکرێتە سەر.
 
بەگوێرەی ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، لە چەند شوێنێکی تاران و بەتایبەت لە نزیک ماڵەکەی عەلی دایی، دروشم لە دژی ئەو یاریزانە لەسەر دیوارەکان نووسراون. لە یەکێک لە وێنەکاندا کە دەگوترێت لە نزیک ماڵەکەیەتی، بە رەنگی سوور نووسراوە، "عەلی دایی دەبێت لەسێدارە بدرێت."
 
ئەم هەڕەشانە دوای ئەوە دێن ئەنجوومەنی شاری تاران بڕیاری دا ناوی عەلی دایی لەسەر یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی پایتەخت لابدات و ناوی "شەهیدانی قوتابخانەی میناب" بخاتە شوێنی، کە قوتابخانەیەکە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییانەدا وێران بوو.
 
عەلیڕەزا نادەلی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی شاری تاران، هۆکاری لادانی ناوی ئەو ئەستێرەیەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە خەڵک (لایەنگرانی حکومەت) لە "بێدەنگیی" عەلی دایی لە ئاستی دۆخی ئێستای جەنگدا تووڕەن. بەرپرسانی ئێرانی عەلی دایی تۆمەتبار دەکەن بەوەی لەجیاتی پشتیوانیکردنی هەڵوێستە فەرمییەکانی دەوڵەت، "هاوسۆزیی خەڵکی ناڕازییە."