چیرۆکی ئەو راهێنەرەی مێژووی پرێمەرلیگی گۆڕی؛ پێپ چۆن 10 ساڵ لە لووتکەدا مایەوە؟

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن پێپ گواریۆلا
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

چیرۆکی 10 ساڵ کارکردنی پێپ گواردیۆلا لە مانچێستەر سیتی، تەنیا چیرۆکی بردنەوەی نازناوەکان نییە، بەڵکو گێڕانەوەی ژیانی راهێنەرێکە کە بەشێوەیەکی شێتانە خولیای تۆپی پێ بووە. لە لاساییکردنەوەی پێکانەکەی جاک گریلیشەوە تاوەکو بڕیاری رۆیشتن لە یانەکە. پێپ سیستمی وەرزشیی ئینگلتەرای گۆڕی و مێژوویەکی نوێی نووسییەوە.


گواردیۆلا لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا شتە سەرو ئاساییەکانی کردە کارێکی رۆژانە. بردنەوەی چوار نازناوی پرێمەرلیگ بە دوای یەکدا و بەدەستهێنانی شەش نازناوی خولەکە لە حەوت ساڵدا، ریکۆردێک بوو کەس پێشتر نەیکردبوو.

نۆێڵ گالاگەر، هاوڕێی نزیکی پێپ و گۆرانیبێژی ناسراو دەڵێت "پێپ پێیگوتم ئەم 10 ساڵەی مانچێستەر باشترین ساڵەکانی ژیانی بوون". گالاگەر ئاماژەی بەوە کرد پێپ لە تەمەنی 45 ساڵییەوە تاوەکو 55 ساڵی لە مانچێستەر بوو، کە گرنگترین قۆناخی ژیانیەتی.

ئیلکای گوندۆگان، کاپتنی پێشووی مانچێستەر سیتی باس لە لایەنە تەکتیکییەکەی پێپ دەکات و دەڵێت "جارێکیان پێپ هاتە ژووری ڤیدیۆ و 45 خولەک بەپەرۆشەوە باسی گۆڕانکارییەکی تەکتیکی نوێی کرد. کاتێک چووینە ناو یاریگە بۆ مەشق، دوای 45 خولەک فیکەی لێدا و گوتی "هەموو ئەو شتانەی پێمگوتن لەبیری بکەن، ئەوانە هیچ مانایەکیان نەبوو. ئەو زۆر راستگۆ بوو لەگەڵ خۆیدا و ئەگەر بیرۆکەیەک سوودی نەبووایە، دەستبەجێ پاشگەزی دەکردەوە".

لە مەشقەکانی پێش یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا لە ساڵی 2023 بەرامبەر مانچێستەر یونایتد، جاک گریلیش تووشی پێکان بوو و لەسەر زەوی دەستی بە هاوارکردن کرد.

پێپ گواردیۆلا ئەمەی وەک هەلێک بینی بۆ هاندانی یاریزانەکانی، ئەویش خۆی خستە سەر زەوی و دەستی کرد بە هاوارکردن و لاساییکردنەوەی گریلیش، بۆ ئەوەی نیشانی بدات جەنگاوەرەکانی چەندە ئامادەن بۆ شەڕی ناو یاریگە. ئەمە تەنیا رۆژێکی ئاسایی بوو لە ژیانی ئەو راهێنەرە لە مانچێستەر.

گواردیۆلا لە سەرەتای هاتنی بۆ مانچێستەر زۆر تووند بوو. ئینتەرنێتی لە یانەکە بڕی بۆ ئەوەی یاریزانەکان قسە لەگەڵ یەکتر بکەن نەک سەیری مۆبایلەکانیان بکەن. هەروەها زۆر تووند بوو لەسەر کێشی یاریزانەکان. باکاری سانیا، بەرگریکاری پێشووی یانەکە دەڵێت "ئەگەر 1.5 کیلۆگرام کێشمان زیاد بووایە، لە پێکهاتە دوور دەخراینەوە و دەبوو بە تەنیا رابکەین تاوەکو دەگەینەوە کێشی ئاسایی".

پەیوەندی پێپ لەگەڵ ئەستێرەکان هەمیشە ئاسان نەبوو. سێرجیۆ ئەگوێرۆ، گۆڵکاری مێژوویی یانەکە، چەندین جار لەگەڵ پێپ کێشەی بۆ دروست بوو، چونکە پێیوابوو راهێنەرەکە دەیەوێت بیفرۆشێت. فێرناندینیۆ، کاپتنی پێشووی یانەکە دەڵێت "پێپ توانی چارەسەر بۆ ئەگوێرۆ بدۆزێتەوە. سیستمی یارییەکەی وا رێکخست کە ئەگوێرۆ کەمتر رابکات بۆ گوشارکردن و ئێمە کە گەنجتر بووین ئەرکە قورسەکەمان لە جیاتی ئەو ئەنجام دەدا".

وەرزی رابردوو بۆ پێپ زۆر قورس بوو. هەندێک سەرچاوە دەڵێن راهێنەرەکە هەستی بەتەنیایی دەکرد، بەتایبەت دوای ئەوەی لە هاوژینەکەی جیا بووەوە، بەڵام پێپ لە مانچێستەر ماڵەکەی خۆی دۆزییەوە. ئەو تەنانەت حەزی لە یاری گۆڵفە و لەگەڵ تۆمی فلیتود و رۆری مەکئێلرۆی هاوڕێی کاتەکانی بەسەر دەبرد.

پێپ تەنیا راهێنەرێک نەبوو لە شارەکە، بەڵکو عاشقی کولتووری تۆپی پێی ئینگلتەرا بوو. ئەو رێزێکی زۆری بۆ راهێنەرە کۆنەکانی وەک نێیل وارنۆک و سام ئەلاردایس هەبوو. وارنۆک دەڵێت "پێپ هەمیشە دەیەوێت شتی نوێ فێربێت، جارێکیان سەبارەت بە بەرگریی (مان توم مان) چەندین پرسیاری لێ کردم".

لە ماوەی ئەم 10 ساڵەدا، گواردیۆلا یاریزانی زۆری لە شوێنی جیاوا لە یاریگا تاقی کردەوە؛ فابیان دێلف و زینچێنکۆی کردە بەرگریکاری چەپ، فێرناندینیۆی بردە چاق و تەنانەت بێرناردۆ سێلڤاشی لە یارییەکی گرنگی بەرامبەر ئارسیناڵ وەک بەرگریکاری چەپ بەکار هێنا. بێرناردۆ دەڵێت "سەرەتا پێی گوتم دەتکەمە چەق، گوتم ئاساییە هەرچەندە شوێنی من نییە، بەڵام دواتر کردییە بەرگریکاری چەپ و یارییەکەمان بردەوە".

گواردیۆلا کە ئێستا بڕیاری رۆیشتنی داوە، وەک جەنگاوەرێک دەبینرێت کە دژی تەمەڵی جەنگاوە. کاتێک لە ساڵی 2018 گەیشتنە 100 خاڵ، وەک ئەوە وابوو نازناوی پرێمەرلیگیان بردبێتەوە. ئیمیریک لاپۆرت دەڵێت "گابریێل جیسۆس لە خولەکی 90 گۆڵی تۆمارکرد و گەیشتینە 100 خاڵ، ئاهەنگگێڕانەکە شێتانە بوو".

هەرچەندە هەندێک یاریزان وەک یایا تۆرێ و ستێرلینگ بەدڵپڕییەوە یانەکەیان جێهێشت، بەڵام کاریگەری پێپ لەسەر هەمووان روونە. ئەو نەک تەنیا نازناوەکان، بەڵکو سیستمی کارکردن و گرنگیدان بە وردەکارییەکانی لە مانچێستەر سیتی گۆڕی. گواردیۆلا لە دوایین ساتەکانیدا هێشتا بە پەرۆشەوە سەیری یاریزانە لاوەکانی ئەکادیمیای یانەکە دەکات و دەپرسێت "ئایا ئەو کوڕە ئامادەیە بۆ یاری؟".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە