رووداو دیجیتاڵ
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، داوای لە یاریزانەکانی کردووە، لە کلاسیکۆدا چاویان لەسەر یاریزانێکی ئەو یانەیە بێت و پێیوایە ئەوە کلیلی سەرکەوتنی دەبێت لە کلاسیکۆدا.
سبەی یەکشەممە، ریال مەدرید لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی بارسێلۆنا دەکات، لە یەکەم کلاسیکۆی ئەم وەرزە لە نێوان هەردوو یانە.
بەر لە یارییەکە، ریال مەدرید بەجیاوازیی دوو خاڵ لەپێش بارسێلۆناوەیە لە ریزبەندی گشتیی لالیگا.
بەپێی ماڵپەری 'دیڤێنسا سێنتراڵ'، ئەلۆنسۆ لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەی، بەتایبەت کۆبوونەوەی لەگەڵ یاریزانەکانی کردووە و پێی راگەیاندوون، مەترسیداریترین یاریزانی بارسا پێدرێیە و دەبێ بەتەواوی هەوڵی راگرتنی بدەن.
ئەلۆنسۆ هەروەها گوتویەتی، پێدری باشترین یاریزانی بارسایە، ئەو پلەی مەیکەر و هەڵسوڕێنەری تیپەکەیە، ناکرێ بەتەنیا بەجێیبهێڵین بۆئەوەی ئەوە بکات کە خۆی دەیەوێت.
راپۆرتەکە زیاتر دەڵێ، "ئەلۆنسۆ داوایکردووە یاریزانەکانی گوشاری چڕ لەناوەڕاستی یاریگەدا بکەن لەپێناو سنووردارکردنی کاریگەریی پێدری کە ریتمی تیپەکەی رێکدەخات و کۆنترۆڵی خێرایی یانەکەی دەکات کاتێک دەیەوێ هێرش ببات".
پێدری، لەلایەن یاریزانانی ریال مەدریدەوە ناسراوە، ئەوان دەزانن کاریگەریی لەسەر تیپەکەی چەندە، ئەمە جیا لەوەی ئەو یاریزانە ئێستا لە باشترین ئاستی خۆیدایە و بەگرنگترین یاریزانی ناوەڕاستی تیپەکە دادەنرێت.
سەرچاوەکان پێشبینیدەکەن یارییەکەی سبەی نێوان هەردوو یانە، جەنگێکی گەورەی ناوەڕاست بێت و ئەو تیپەی کۆنترۆڵی ناوەڕاست بکات، بەئاسانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ