رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) بەنیازە شاندێک بنێرێتە مەکسیک، بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئاسایشی ئەو وڵاتە، پاش ئەو زنجیرە تووندوتیژییەی چەندین ناوچەی جیاوازی وڵاتەکەی گرتەوە، بەهۆی کوژرانی گەورە بازرگانێکی هۆشبەر.
یەکشەممەی رابردوو، حکومەتی مەکسیک کوژرانی نیمیسۆ ئۆسیگێرای ناسراو بە 'ئێل میچۆ'ی گەورە بازرگانی هۆشبەری لە کردەیەکی سەربازییدا راگەیاند.
کوشتنی سەرۆکی کارتێلە مەکسیکییەکە، زنجیرەیەکی بەهێزی تووندوتیژی و کاردانەوەی لایەنگرانی ئەو سەرکردە مافیاییەی لێکەوتەوە، کە پەلاماری چەندین ناوەندی بازرگانیی و حکومیی وڵاتەکەیاندا و بەهۆیەوە دەیان کەس کوژران.
کلاودیا شینپاوم، سەرۆکی مەکسیک رایگەیاند، بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی کردووە و ئەوان شاندێک دەنێرنە مەکسیک.
مەکسیک لەگەڵ ئەمریکا و کەنەدا، میوانداریی یارییەکانی مۆندیالی 2026 دەکات کە هاوینی داهاتوو ئەنجامدەدرێت.
لای خۆیەوە، ئینفانتینۆ لە ئینستاگرام پەیامێکی بڵاوکردەوە و دووپاتیکردەوە، "متمانەی تەواومان بە وڵاتانی رێکخەری مۆندیال هەیە".
سەرۆکی مەکسیک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، "ئینفانتینۆ دڵنیای کردمەوە لە بەڕێوەچوونی مۆندیال لە وڵاتەکەمان، رێکەوتین لەسەر ناردنی شاندێکی فیفا بۆ بۆ پێداچوونەوەی چەند دۆسێیەکی جیاواز".
سەرۆکی مەکسیک، گوتویەتی، سەرۆکی فیفا پرسیاری لێکردم لەبارەی ئەگەری هەبوونی هەر رووداوێکی مایەی نیگەرانی، منیش وەڵامدایەوە، نەخێر.. تەنیا رۆژێکی خراپمان هەبوو، گەڕاینەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆمان".
کلاودیا دەڵێ، ئەرکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی چاودەخاتە سەر دۆسێ تایبەتەکانی وەک هاتووچۆ و هۆکارە بەردەستەکانی گواستنەوەی هاندەران لە کاتی مۆندیال.
سەرۆکی مەکسیک دووپاتیکردووەتەوە، هیچ هەڕەشەیەک لەسەر هاندەرانی تۆپی پێ نییە، هەموو رێوشوێنەکان دەستەبەرن و شارێکی وەک گوادالاخارا، هەروەکئەوەی بڕیارە، میوانداریی یارییەکان دەکات.
گوادالاخارا ئەو ویلایەتەی ناوەڕاستی مەکسیک کە زۆرترین تووندوتیژی لە هەفتەی رابردوودا بەخۆوەبینی، بڕیارە چوار یاریی مۆندیال لە خۆ بگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ