رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک یەکەم یاریی لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە نوێیەکەی ئەنجامدەدات و لە یارییەکی دواخراودا بەرامبەر یانەی نەفت میسان یاریی دەکات.
ئەمڕۆ ئێوارە لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا یانەی دهۆک لە یەکەم یارییدا لەژێر سەرپەرشتی ئەمیر ئازرەفشان، راهێنەری نوێی یانەکە، یەکەم یاریی خۆی ئەنجامدەدات و میوانداریی یانەی نەفت میسان دەکات، یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی 23ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق دواخرابوو.
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا یانەی دهۆک دوو یەکەی راهێنانی لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە نوێیەکەی ئەنجامداوە و دوای دوو دۆڕانی لەسەریەک دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی بردنەوەکان و هاندەرانی دڵخۆش بکات.
بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ یانەی دهۆک لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 51 خاڵ و یانەی نەفت میسان بە 44 خاڵ لە پلەی دوازدەیەمی ریزبەندە.
ئەمیر ئازرەفشان، راهێنەری یانەی دهۆک بەر لە یارییەکە گوتی "هاتووم بۆ ئەوەی هاوکاریی یانەی دهۆک بکەم، پشتبەخوا بەیەکەوە بەختەوەر دەبین و یارییەکە دەبەینەوە، ئێمە لە کۆتایی خولەکەداین، یاریزانەکان ماندوون، بەڵام ورەیان بەرزە و مەشقی زۆریان کردووە و هیوادارم لەو یارییانەدا کە ماون بەمشێوەیە بەردەوامبین."
.png)
راهێنەری یانەی دهۆک دەڵێت "پێویستیمان بە هاندەران هەیە و هێشتا یاریمان ماون، دەتوانین لە تۆپ چوار بین و رکابەری لەسەر بردنەوەی جامی عێراقیش بکەین."
ئەمیر ئازرەفشان، دوو رۆژ لەمەوبەر بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەی دهۆک گەیشتە کوردستان، راهێنەرەکە خەڵکی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە، پێشتر راهێنەرایەتی یانەکانی دالکورد و ئۆسترشوندی سوێدیی کردووە و خاوەنی بڕوانامەی پڕۆیە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ