ئەمشەو یاریی کۆتایی کۆنفرانسلیگە و ریال بێتیس دەیەوێت نازناوێکی ئەورووپی بباتەوە

28-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کۆنفرانسلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یاریی کۆتایی کۆنفرانسلیگ بەڕێوەدەچێت و هەردوو یانەی چێڵسی ئینگلیزی و ریال بێتیسی ئیسپانی لە پۆڵەندا رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە کۆڵ پاڵمەر و ئینزۆ فێرناندێز، ئەستێرەکانی یانەی چێڵسی سەرکردایەتیی دوایین مەشق و راهێنانەکانی یانەکەیان کرد و تیپە لەندەنییەکە بەتەواوی بۆ یارییە گرنگەکەی ئەمڕۆ ئامادەیە کە کاژێر 22:00 لە شاری رۆکلاڤی پۆڵەندا ئەنجامدەدرێت و یانە ئینگلیزییەکە دەیەوێت جامی پاڵەوانێتییەکە بباتەوە لەندەن.
 
چێڵسی بە ورەیەکی بەرزەوە خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە، دوای ئەوەی لە دوایین گەڕی پرێمەرلیگدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە نۆتینگهامی بردەوە و گەیشتە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، ئەمشەو یانەکە چاوی لەوەیە دڵخۆشیی یاریزانەکانی بەبردنەوەی ئەم نازناوە تەواو بکات.
 
چێڵسی 9 نازناوی جیاوازە لە دەرەوەی ئینگلتەرا و ئەمشەو دەیەوێت بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوی کۆنفرانسلیگیش بباتەوە.
 
یانەی ریال بێتیسی ئیسپانی چاوی لە تۆمارکردنی مێژوویەکی گەورەیە و دەیەوێت یەکەم نازناوی ئەورووپی لە کاروانی یارییکردنی خۆیدا بباتەوە، دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەک.
 
یانە ئیسپانییەکە رۆژی سێشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکەی ئەمشەوی کۆنفرانسلیگ بەرامبەر یانەی چێڵسی، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکە ئەنجامدات. ئانتۆنی، ئیسکۆ و هاوڕێکانیان بەتەواوی بۆ ئەم یارییە مێژووییەی یانەکەیان ئامادەن.
 
ریال بێتیس پێشتر نەگەیشتووەتە یاریی کۆتایی هیچ پاڵەوانێتییەکی ئەورووپی و ئەمە هەلێکی گەورەیە لەبەردەم یانەکەدا بۆ ئەوەی لەژێر سەرپەرشتی مانوێل پێلیگرینی نازناوی پاڵەوانێتییەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە و لاپەرەیەکی نوێ و پڕ لە شانازی لە مێژووی یانەکەدا بکاتەوە.
 
تیپەکەی مانوێل پێلیگرینی لە 10 یاریی ئەم پاڵەوانێتییەدا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، سەرەڕای ئەوەی دوایین 4 یاریی لە لالیگادا هیچ سەرکەوتنێکی نەبوو.
 
دوایینجار کە یانەیەکی ئیسپانی لە یارییەکی کۆتایی ئەورووپادا دۆڕا، یانەی ڤالێنسیا بوو لە ساڵی 2001، کاتێک لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر بایرن میونشن نازناوی چامپیۆنزلیگی لەدەستدا، ئەمڕۆ ریال بێتیس نایەوێت ببێتە دووەم یانە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە