نەسڕ بە دوو ئەستێرەی پرێمەرلیگ دەیەوێت خۆی بەهێز بکات

29-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی نەسڕ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەسڕ چاوی لە دوو ئەستێرەی پرێمەرلیگە و دەیەوێت بۆ وەرزی نوێ بە پێکهاتەیەکی جیاواز و بەهێزەوە بچێتە نێو رکابەرییەکان.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی نەسڕ کار بۆ گواستنەوەی ئەستێرەی بەنێوبانگ دەکات و لە هەنگاوی یەکەمیدا دوو یاریزانی دیاری پرێمەرلیگی لە پلانەکانیدا داناوە و دەیەوێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ بکات.
 
یەکێک لەو یاریزانانە لویس دیاز، ئەستێرەی کۆڵۆمبی و یانەی لیڤەرپوولە، کە ئەگەری زۆرە لە یانەکەی بڕوات و ماوەیەکی زۆریشە ناوی یاریزانەکە بە یانەی نەسڕەوە بەستراوەتەوە.
 
گرێبەستی لویس دیاز لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول دوو ساڵی ماوە، نرخی ئێستای یاریزانەکە لە بازاڕی گواستنەوەدا دەگاتە 85 ملیۆن یۆرۆ، یانەی نەسڕ گفتوگۆکانی بۆ گواستنەوەی دەستپێکردووە و دەیەوێت هەرچی زووە ئەو یاریزانە بباتە یانەکەی.
 
لیڤەرپوول ئامادەیە بیر لەو گرێبەستانە بکاتەوە کە پێشکێشی یاریزانەکە دەکرێن، لەکاتێکدا گرێبەستی لەگەڵ فلۆریان ڤیرتز، ئەستێرەی ئەڵمانی و پێشووی یانەی بایرلیڤەرکوزن واژۆکردووە.
 
جگە لە لویس دیاز یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی نەسڕ کار بۆ گواستنەوەی دەکات، گابریێل مارتینێلی، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی ئارسیناڵە و یانەکە هەنگاوەکانی بۆ رازیکردنی یاریزانەکە و یانە لەندەنییەکە دەستپێکردووە.
 
مارتینێلی تەمەنی 24 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ ئارسیناڵ لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت و ئێستا نرخەکەی لە بازاڕدا 55 ملیۆن یۆرۆیە.
 
یانەی نەسڕ دوای ئەوەی وەرزی رابردوو نەیتوانی هیچ نازناوێک بباتەوە، دەیەوێت وەرزی نوێ بەهێزەوە دەربکەوێت، بۆ ئەوەش نزیکە گرێبەست لەگەڵ خۆرخی جیسوس واژۆبکات، بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری یانەکە و دوای ئەوەش چەند یاریزانێکی نوێ بباتە ریزەکانی و رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە