رووداو دیجیتاڵ
یانەی وان سپۆر دێربیی باکووری کوردستانی بردەوە و سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی ئامەدسپۆر بەدەستهێنا.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 8ـی خولی پلە یەکی تورکیادا، یانەی وان سپۆر لە دێربیی باکووری کوردستاندا میوانداریی یانەی ئامەدسپۆری کرد و یارییەکەی بردەوە و گەڕایەوە سەر رێگەی راست.
بەر لە یارییەکە هەزاران هاندەری هەردوو یانە کوردستانییەکە بەیەکەوە کۆبوونەوە و یارییەکەیان ناونا دێربیی برایان.
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا هیچ گۆڵێک تۆمارنەکرا، لە خولەکی 64 فرانسیسک رێگیس گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی وان سپۆر تۆمارکرد و خاوەن یاریگەی پێشکەوت.
بەر لە کۆتاییهاتنی کاتی ئاسایی یارییەکە بە شەش خولەک، بەکر جان کارا، ئەنجامەکەی بۆ خاوەن یاریگە دوو هێندە لێکرد.
لە خولەکی کۆتایی کاتی زیادکراوی یارییەکە، مەدەنی بیگۆڵ بۆ جاری سێیەمی تۆڕی گۆڵی یانەی ئامەدسپۆری هەژاند و یارییەکەی لە بەرژەوەندی خاوەن یاریگە یەکلاکردەوە.
وان سپۆر یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و سێیەم بردنەوەی لەم وەرزەی خولی پلە یەکی تورکیادا تۆمارکرد.
وان سپۆر لە چوار یاریی رابردوودا بردنەوەی نەبوو و بەبردنەوە لە ئامەدسپۆر جارێکی دیکە هاندەرانی دڵخۆشکرد.
ئەمە سێیەم دۆڕانی یانەی ئامەدسپۆرە لەم وەرزەی خولی پلە یەکی تورکیادا.
.png)
.png)
دیمەنی سەرنجڕاکێشی یارییەکە، هاندەرانی هەردوو یانە کوردستانییەکە بوو کاتێک بەیەکەوە لە یاریگەدا هاواریان دەکرد " کینە ئەم، کوردن ئەم"
بەم بردنەوەیە وان سپۆر بووە خاوەنی 12 خاڵ و یانەی ئامەدسپۆر خاوەنی 13 خاڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ