فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران داوا دەکات ژنان رێگەیان پێبدرێت بچنە یاریگەکان
رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران داوا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکات رێگە بدات ژنان بچنە یاریگەکان و سەیری یارییەکان بکەن.
حەسەن کامرانی فەڕ، سکرتێری گشتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران ئەمڕۆ هەینی 29-10-2021 رایگەیاند، "پڕۆژە بڕیارێک لە لایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێرانەوە دراوەتە پەرلەمان و هەر کاتێک پەسندکرا، ئیدی رێگە بە ژنان دەدرێت لە یاریگەکان ئامادەبن".
پێشکێشکردنی پڕۆژەیاساکە بە پەرلەمانی ئێران لە کاتێکدایە، ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە نەریتخوازن و لەگەڵ ئەوەدا نین ژنان بچنەوە یاریگەکان و لەوێ سەیری یارییەکان بکەن.
دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979دا ژنان رێگەیان پێنەدرا بچنە نێو یاریگەکان، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی رووبەڕووی مامەڵەی نەشیاو لە لایەن پیاوانەوە دەبنەوە.
سەرەڕای ئەوە، هەندێکجار بۆ یارییە نێودەوڵەتییەکان هەڵاوێردن هەبووە. لە ئۆکتۆبەری 2019دا و لە یاری نێوان هەڵبژاردەکانی ئێران و کەمبۆدیادا ژنان رێگەیان پێدرا بچنە یاریگەی ئازادی کە ئەنجامەکەی بە 14 بەرامبەر سفر لە بەرژەوەندیی هەڵبژاردەی ئێران کۆتاییهات.
فیفا گوشاری لەسەر بەرپرسانی بواری وەرزشی ئێران دروستکردووە بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بدرێتە ژنان لە یاریگەکاندا ئامادەبن.