ئەدیداس: پێناسە گومرگییەکانی ترەمپ 120 ملیۆن یۆرۆ زیانمان لێدەدات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئەدیداسی ئەڵمانی بۆ جلوبەرگی وەرزشی رایگەیاند، پێشبینی دەکات پێناسە گومرگییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەم ساڵ 120 ملیۆن یۆرۆ زیانی پێبگەیێنێت. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە رایگەیاند، زۆربەی کاریگەرییەکە لە مانگەکانی کۆتایی ساڵدا دەردەکەوێت و ئاشکرایکرد، فرۆشیان لە ئەمریکای باکوور دابەزیوە.
رۆژی چوارشەممە 29-10-2025 بیۆرن گوڵدن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەدیداس گوتی، بەهۆی سەپاندنی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکاوە، کۆمپانیا بەناوبانگەکەیان 120 ملیۆن یۆرۆ زیانی بەردەکەوێت.
کۆمپانیاکە دەڵێت، پار زیاتر لە 90٪ـی بەرهەمەکانی ئەدیداس لە ئاسیا بەرهەمهێنراون، ئەمەش واتای ئەوەیە ئەو کۆمپانیایانەی بەرهەمەکانی ئەدیداس بۆ ئەمریکا دەنێرن، رووبەڕووی پێناسی قورسی هاوردەکردن دەبنەوە. ساڵی 2024، ئەمریکای باکوور زیاتر لە 20٪ـی فرۆشی ئەدیداسی پێکهێنا.
هەرچەندە بڕی 120 ملیۆن یۆرۆ (140 ملیۆن دۆلار) کەمترە لەو 200 ملیۆن یۆرۆیەی کە ئەدیداس لە مانگی تەممووزدا پێشبینیی کردبوو، گوڵدن گوتی، قورسە "کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکانی" باجەکان بپێورێت.
ئەو گوتی: "نازانین بەکاربەر لە ئەمریکا چۆن کاردانەوەی دەبێت کاتێک ئەم نرخە بەرزانە جێبەجێ دەکرێن."
فرۆشی گشتیی کۆمپانیاکە لە ئەمریکای باکوور لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵ 5٪دابەزی و گەیشتە 1.3 ملیار یۆرۆ، کە هۆکارەکەی بۆ پێناسەکان و راگرتنی هێڵی پێڵاوی Yeezy گەڕێنرایەوە. ئەو هێڵە بە هاوبەشی لەگەڵ راپەر Ye (کانیە وێست) دروستکرابوو، بەڵام دوای لێدوانە دژە جووەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، راگیرا.
گوڵدن رایگەیاند، ئەدیداس وەبەرهێنانێکی گەورە لە وەرزشی کۆلێژەکانی ئەمریکادا دەکات، وەک هەوڵێک بۆ گەیشتنەوە بە رکابەرەکەی و پێشەنگی پیشەسازییەکە، کە کۆمپانیای نایکیە (Nike).
گوڵدم گوتی: "دوورییەکە لەگەڵ نایکی لە ئەمریکا ئەوەندە گەورەیە کە ناتوانین ئاواتی ئەوە بخوازین ببینە ژمارە یەک، بەڵام دەبێت ئاواتی ئەوە بخوازین کارەکانمان دوو هێندە بکەین."
لەسەرەتای ئەم مانگەدا، ئەدیداس پێشبینیی قازانجی بنەڕەتیی ساڵانەی خۆی بۆ دوو ملیار یۆرۆ بەرزکردەوە، لە کاتێکدا پێشتر لە نێوان 1.7 بۆ 1.8 ملیار یۆرۆدا بوو.