لۆرین یاریزانێکی پیشەگەرە و خاوەنی چەندین نازناوە لەسەر ئاستی ئەورووپا
رووداو دیجیتاڵ
لۆرین محەممەد لە هۆڵەندا لەدایکبووە. خەڵکی عەفرینە و یاریزانێکی پیشەگەر (پرۆفێشنەڵ)ی کاراتی-یە. ئەو پشتێنی رەشی هەیە و چەند جارێک لەسەر ئاستی ئەورووپا خەڵاتی بردووەتەوە. دایکی لۆرینیش یاریزانی کاراتی-یە.
لۆرین تەمەنی 20 ساڵە، ماوەی 10 ساڵە لە هۆڵەندا دەژی، ئێستا لە زانکۆی ئوترێخت خوێندکاری بەشی یاسایە و یاریزانی کاراتی-یە و خاوەنی چوار مەدالیایە لەو بوارەدا. دەڵێت، "سەرەتا نەمدەزانی کاراتی چییە، بەڵام دایکم کاتێک تەمەنی 15 ساڵان بوو، لە حەلەب یاریی کاراتیی دەکرد و بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکان دەچووە شام، هەر لە منداڵییەوە دایکم ئاشنای کردم بەم وەرزشە و فێری دەکردم، بەو ئامانجەی بتوانم بەرگری لە خۆم بکەم، دوای هاتنیشمان بۆ هۆڵەندا، بە شێوەیەکی فەرمی دەستم بە یاریی کاراتی کرد."
ئەو کچە کوردەی عەفرین باسی لەوە کرد، "یاریی کاراتی دەکەم بۆئەوەی خەونی دایکم بەدیبهێنم و بگەمە ئەو ئاستەی ئەو ئاواتی بۆ دەخواست، هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە بتوانم بەرگری لە خۆم بکەم و ئاشنای کولتووری بیانییش بم."
لۆرین هۆکارێکی دیکەی یاریکردنی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، دەیەوێت "سەری هەموو کوردێک بەرز بکەمەوە و بۆ جیهانی بسەلمێنین ئێمەی کورد کێین، دەمەوێت عەفرینی خۆم سەربەرز بکەم؛ دەزانم عەفرین بریندارە، بەڵام هیوادارم بەم مەدالیایەی من، هەموو کچێکی عەفرینی و هەموو کوردێک برینەکانی خۆیان لەبیر بکەن."
لۆرین میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو، باسی لە چیرۆکی سەرکەوتنەکانی کرد لەنێوان وەرزش و خوێندندا، وەک خۆی ئاماژەی پێدا، چیرۆکی ئەو لەگەڵ کاراتی لە دایکیەوە دەستپێدەکات، دایکی لۆرین کە خۆی یاریزانی کاراتی بووە، لە تەمەنی 15 ساڵییەوە لۆرینی خستووەتە بەر راهێنانەکان و پاڵپشتی سەرەکی بووە.
لۆرین تەنیا خۆی یاریزان نییە، بەڵکو تەواوی خێزانەکەیان بەو وەرزشەوە سەرقاڵن، دەڵێت، "هەردوو براکەم یاریزانی کاراتین و یەکێکیان پشتێنی رەشی هەیە، دایک و باوکیشم شارەزای ئەم یارییەن." لۆرین ئێستا گەیشتووەتە ئاستێک کە لە هۆڵەندا بە شێوەیەکی فەرمی راهێنەرە و وانەی کاراتی دەڵێتەوە.
لۆرین باسی لەوە کرد کە هەڵبژاردنی بەشی یاسا بۆ ئەو ئامانجێکی نیشتمانیی لەپشتە، "من یاسا دەخوێنم بۆئەوەی پشتیوانی لە کوردبوونی خۆم بکەم، دەمەوێت لە داهاتوودا وەکو پارێزەرێکی نێودەوڵەتی بەرگری لە مافەکانی گەلەکەم بکەم و ناسنامەی کورد بە جیهان بناسێنم". لۆرین بەتایبەتی ئاماژەی بەو زوڵمە کرد کە لە عەفرین دەکرێت، بەتایبەت بڕینەوەی دار زەیتوونەکان و هیواخوازە لە رێگەی یاساوە دەنگی عەفرین بێت.
سەرەڕای ئەوەی لە تەمەنی 10 ساڵییەوە رووی لە هۆڵەندا کردووە، لۆرین بە باشی بە کوردی قسە دەکات و دەڵێت، "لە ماڵەوە دایک و باوکی فێریان کردووە."
سەبارەت بە سەردانیکردنی بۆ باشووری کوردستان، لۆرین گوتی، "کاتێک چوومە کوردستان و ئاڵای کوردستانم بینی و گوێم لێبوو هەمووان بە کوردی قسە دەکەن، هەستێکی زۆر تایبەتم لەلا دروستبوو، هەستم بە ئازادی دەکرد."
لۆرین خاوەنی چەندین خەڵات و دەستکەوتە لەسەر ئاستی ئەورووپا، لەوانەش بەدەستهێنانی پلەی یەکەم و دووەم لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکانی بەلجیکا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا.
لۆرین ئاشکرای کرد، یەکێک لە خەونەکانی ئەوەیە لە داهاتوودا قوتابخانەیەکی کاراتی لە کوردستان بکاتەوە، بۆئەوەی راهێنان بە کوڕان و کچانی کورد بکات و تەکنیکەکانی بەرگری لەخۆکردنیان فێربکات.