بەڕێوەبەری کارەکانی ئینزۆ فێرناندێز بە رستەیەک هێندەی دیکە دۆخی ئەو یاریزانە دەخاتە ژێر گومانەوە
رووداو دیجیتاڵ
خاڤییر باستۆری، بەڕێوەبەری کارەکانی ئینزۆ فێرناندێزی ئەستێرەی یانەی چێڵسی ئینگلیزی، هێندەی دیکە چارەنووسی ئەو یاریزانەی لە یانەکەی خستووەتە ژێر گومانەوە، کاتێک لەبارەی داهاتوی ناوەڕاستکارە ئەرجەنتینییەکە دەڵێ، ئەو تەنیا بیری لای ئەوەیە چۆن وەرزی ئەمساڵ لەگەڵ چێڵسی کۆتایی پێبهێنێت.
پێشتر ئینزۆ فێرناندێز، مشتومڕی زۆری نایەوە کاتێک ویستی خۆی بۆ ژیانکردن لە مەدرید ئاشکراکرد و ئەوە لای زۆرینە بە ویستی ئەو بە یاریکردن بۆ ریال مەدرید لێکدرایەوە.
ئینزۆ هەر بەوەوە نەوەستا و کاتێک پرسیاری لێکرا لەبارەی داهاتووی ئەو لەدوای مۆندیال، گوتی، "چاوەڕێ دەبین".
سەرچاوەکان گوتویانە ئینزۆ دەیەوێت دوای مۆندیال راستەوخۆ بچێتە یانەی ریال مەدرید، هەموو ئەو لێدوان و دەنگۆیانە، وایانکرد یانەی چێڵسی سزای ئەو یاریزانە بدات و بۆ دوو یاریی لە پێکهاتەکەی دووری بخاتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، جارێکی دیکە چارەنووسی ئەو یاریزانە وروژێنرا، پاشئەوەی لەگەڵ هەریەکە لە جواو پێدرۆ و مارک کۆکۆریا لە مەدرید بینران لە کاتی تەماشاکردنی یارییەکی تێنسدا.
باستۆری لەبارەی چارەنووسی ئەو یاریزانەوە دەڵێ، "فێرناندێز زۆر سەرسامە بە مەدرید، هیچ شتێکی دیکە لەئارادانییە تەنیا بوونی دەنگۆی زۆر نەبێت کە ئەو بە ریال مەدریدەوە دەبەستنەوە".
ئەو بەڕێوەبەرە کە قسەی بۆ رۆژنامەی 'مارکا' کردووە دەڵێ، "قسەی زۆر هەیە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە هیچ شتێک لە ئارادانییە، ئەو تەنیا چاوی لە کۆتایی هێنان بەوەرزەکەیەتی لەگەڵ چێڵسی".
باستۆری زیاتر دەڵێ، "راستە ئەو هەندێک قسەی کردبوو کە هەندێک پێیانوابوو باشنەبوو، بەڵام ئەو شتێکی نائاسایی نەگوتووە، بەسادەیی باسی مەدریدی کردووە، ئەو شوێنەی خۆشی دەوێت".
لە وەڵامی ئەوەدا کە سەردانەکانی فێرناندێز وەک وەڵام بۆ بەرپرسانی ویستی ریال مەدرید دادەنرێت، باستۆری دەڵێ، "ئەو هەرچەندی پشووی هەبێت، دێتە مەدرید، چونکە من لە مەدریدم و هەروەها هاوڕێی زۆرن لە شارەکە".
رۆژنامەکە پرسیاری لەبارەی شوێنی یارییکردنی فێرناندێز لە ریال مەدرید کردووە، بەڕێوەبەری کارەکانی دەڵێ، ئەو لە زۆر شوێن یاریی کردووە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، بەردەوام شوێنی دەگۆڕێت.
ئینزۆ کە تاوەکو 2032 گرێبەستی لەگەڵ بلووز هەیە، یەکشەممەی رابردوو بەتۆمارکردنی تاکە گۆڵێ چێڵسی لە لیدز یونایتد، سەرکەوتنی بۆ یاریی کۆتایی ئێف ئەی کەپ بەرامبەر مانچێستەر سیتی، مسۆگەرکرد.