رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی ئەرجەنتین پارچەدراوێکی زیویی یادگاریی بۆ رێزلێنان لە گۆڵەکەی مارادۆنا، لە مۆندیالی 1986 بەرامبەر ئەرجەنتین خستە بازاڕەوە.
مارادۆنا لە یاریی نێوان ئەرجەنتین و ئینگلتەرا لە قۆناخی چارەکی کۆتایی مۆندیالی ئەو ساڵە، هێرشێکی لە ناوەڕاستی یاریگەوە برد و پاش بڕینی پێنج یاریزان، یەکێک لە جوانترین گۆڵەکانی مێژووی تۆپی پێی دروستکرد.
نەخشەی ئەو هێرشە و گۆڵەکەی مارادۆنا لەسەر دیوێکی دراوەکە نەخشێنراوە و دیوەکەی دیکەی دراوەکە، لۆگۆیەکی ئاسایی تۆپی پێی پێوەیە.
لە هەمان یاریدا، مارادۆنا کە دریسی ژمارە 10ی دەپۆشی، گۆڵێکی بەدەستی تۆمارکرد کە لە یادەوەریی هەموواندا ماوەتەوە، بەرلەوەی ئەرجەنتین بگەینێتە دووەم نازناو لە مێژووی خۆیدا.
بانکی ناوەندیی ئەرجەنتین ئاشکرایکردووە کۆی 2500 دانەی لەو دراوە یادگارییە خستووەتە روو کە کێشی هەریەکێکیان 27 گرامە و تیرەکەی 40 ملیمە.
بانکەکە هەروەها دەڵێ، دراوەکە زیوییەکە لە بازاڕی نێوخۆی وڵاتدا دەخرێتە روو و بەهەمان دیزاین، هەمان دراو بەزێڕیش دروستدەکرێت و لە بازاڕی جیهانیدا دەخرێتە روو.
بانکە ناوەندییەکەی ئەرجەنتین لەنێوخۆی وڵاتەکەدا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، چونکە ئەگەرچی دراوەکەی بۆ رێزلێنانە لە مارادۆنا، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئاماژەی بەناوی ئەو نەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ