پێلێ؛ 'گەوهەرە رەشەکەی' بەرازیل


رووداو دیجیتاڵ 

ناوی ئیدسۆن ئارانتێس دۆناسیمنتۆ-یە و بە "گەوهەرە رەشەکەی" بەرازیل و پێلێ ناسراو بوو، ئەو لە 23ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 1940 لە ویلایەتی میناس گێرایەسی بەرازیل لەدایکبوو و لە شەوی 29ی کانوونی دووەمی ساڵی 2022 لە نەخۆشخانەی ئالبێرت ئانیشتاین لە شاری ساوپاولۆی ویلایەتی ساوپاولۆی بەرازیل بە نەخۆشیی شێرپەنجە، کۆچی دواییکرد.
 
پێلێ یەکێکە لە دیارترین یاریزانانی تۆپی پێ لە جیهان و فیدراسیۆنی فیفا بە "مەزنترین" یاریزان پۆڵێنی کردووە.
 
لە ساڵی 1999دا لیژنەی ئۆڵەمپیی نێودەوڵەتی نازناوی " وەرزشوانی سەدە"ـی پێ بەخشی.
 
پێلێ لە لیستی گۆڤاری تایمز بۆ "100 گرنگترین کەسایەتییەکانی" سەدەی بیست دانرا و لە ساڵی 2000ـیش لە لایەن یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتییەوە بە "باشترین یاریزان لە جیهان" ناسێندرا.
 
پێلێ خاوەنی 1279 گۆڵە لە کۆی 1363 یاری کە بەشداری تێدا کردووە و ناوی چووەتە کتێبی گینسەوە.
 
رۆژی 21ـی ئەم مانگە، بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی ئالبێرت ئانیشتاینی شاری ساوپاولۆ رایگەیاند" شێرپەنجە لە جەستەی پێلێ-دا بڵاوبووەتەوە و گورچیلەکانی پەکیان کەوتووە و دڵیشی تەواو نییە و پێویستی بە چارەسەر و گرنگیدانی چڕ و تایبەتە."
 
زیاتر لە مانگێكە پێلێ لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو و رۆژ دوای رۆژ بارودۆخی تەندروستیی خراپتر دەبوو؛ چەند رۆژێکیش لەمەوبەر پێلێ دوا نامەی دەنگی خۆی بۆ خێزانەکەی ناردبوو و تێیدا ماڵئاوایی لێ کردبوون.
 
لە رۆژی 23ـی ئەم مانگە ناسمینتۆ، کچەکەی پێلێ وێنەی باوکی لە کاتی خەواندنی لە نەخۆشخانەکەی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە
و بۆی نووسیبوو، "هێشتا لێرەین بۆ تێکۆشان و باوەڕ و متمانە، شەوێكی دیکە پێکەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 29-12-2022، دوایین وێنەی خۆی لەگەڵ باوکی بڵاوکردەوە و نووسی "ئەم ژیانەی ئێستامان بەهۆی تۆیە بابە، بێ سنوور خۆشمان دەوێیت، بە ئارامی بنوو."