مایەسیری‌ چییە؟

د.سۆران محەممەد غەریب

مرۆڤ بەهەردوو رەگەزەوە مێیینە و نێرینە، تووشی گرفتی مایەسیری دەبن، بەڵام رەگەزی مێیینە بەشێوەیەكی زیاتر تووش دەبێت.

مایەسیری گرفتێكی ترسناك و كوشندە نییە، بەڵام دەبێتە هۆی بێزاركردن و دروستكردنی ئازار و لە كاتێكەوە بۆ كاتێكی دیكە دەكرێت ئەم گرفتە نالەبارتر بێت و كێشەی نوێ بۆ تووشبووان دروستبكات. هەر بۆیە پێویستە لە كاتی هەستكردن و هاتنەدەرەوەی خوێنێكی سووری كاڵ لە كۆمەوە، یان بینینی خوێن بە جلی ژێرەوە، سەردانی پزیشك بكەیت.

مایەسیری چییە؟

مایەسیری بریتییە لە هەڵئاوسانی بۆرییەكانی خوێن لە كۆتایی ریخۆڵە ئەستوورە و رێكەدا، ئەم بەشە بە بەشێكی دەوڵەمەند بە بۆری خوێن دە‌ناسرێت، ئەو بۆرییانەش پاڵپشتی ماسولكەكان دەكەن، ئەوەش بە مەبەستی داخستن و كردنەوەی كۆم.

دەستنیشانكردنی مایەسیری لەلایەن پزیشكەوە لەو ساتەوە دەستپێدەكات كە بۆرییە پۆلیستەرییەكان خوێنیان تێدا ئاپۆڕ دەبێت و ناتوانن بەشێوەیەكی ئاسایی تەوژمی خوێن بەناویاندا تێپەربێت، ئەنجامی ئەمەش هەڵئاوسانی بۆرییەكانی خوێنە كە ئۆكسجینی پێویست و خوێنی كاڵ دەگوازنەوە، ئەگەر زیاتر پەرەبستێنن دەبنە هۆی دروستكردنی چەماوەیەك.

نیشانەكانی

بوونی خوێنی رەنگ كاڵ لە پیسایی و سووتانەوەی كۆم و تەڕبوون و خورانی چواردەوری كۆم و هەستكردن بەوەی بەتەواوەتی پیسایی لە كۆمەوە نەهاتووەتە دەرێ، واتا هەستكردن بە (قەبز) بوون، هەمووی نیشانەی تووشبوونن بە مایەسیری.

قۆناغەكانی:

قۆناغی یەكەم: لەم قۆناغە‌دا مایەسیری لە بەشی دەرەوە ناتوانرێت هەستی پێبكرێت، دەتوانرێت لە رێگای بەكارهێنانی “Proctoscope”ەوە  لەلایەن پزیشكەوە ببینرێت كە ئامێرێكی پشكنینەو و دەخرێتە ناو ریخۆڵەوە، لەم قۆناغەدا چەمانەوەیەكی بچووك لە كەناڵی كۆمدا دەبینرێت، بوونی خوێنی كاڵ لەم قۆناغە نابێتە هۆی ئازاردان.

قۆناغی دووەم: گرێیەكانی مایەسیری لەم قۆ‌ناغەدا گەورە دەبن و لەكاتی پیساییكردن دەكرێت لە كۆمەوە بێتە دەرێ و بەدەست هەستی پێبكرێت، هەر لەم قۆناغەوە مانەوەی زۆر لە توالێت و هەستكردن بە بەتاڵنەبوونەوەی ریخۆڵە لەپیسایی و زیاتر گوشاركردن لە خۆ دەبێتە هۆكاری سووتانەوە و خوراندن و خوێن هاتنە دەرەوە.

قۆناغی سێیەم: لەم قۆناغەدا مایەسیری تەنیا لە كاتی چوونە سەر توالێت نابێتە هۆی دروستكردنی كێشە، بەڵكو لەكاتی كاركردنیش دەبێتە كێشە، لێرەوە دەبنێرێت و هەستیشی پێدەكرێت، بەڵام دەتوانرێت ببرێتەوە ناوەوە. لەم قۆناغەوە دەكرێت ببێتە هۆكاری ئازار دروستكردن.
قۆناغی چوارەم: بەشێوەیەكی ئەوتۆ مایەسیرییەكە دێتە دەرەوە كە ئیدی ناتوانرێت ببرێتەوە ناوەوە و دەشێت تووشی هەوكردن و سووتانەوەی جۆراوجۆر ببێت و كەسەكە هەراسان دەكات.

خۆپاراستن و چارەسەركردنی مایەسیری:

گرنگترین و باشترین چارەسەری مایەسیری پەیڕەوكردنی سیستمێكی خۆراكیی تەندروستە، ئەویش خواردنی خۆراكێك كە لەشی مرۆڤ بتوانێت هەرسی بكات، لەگەڵ خواردنەوەی 1.5 بۆ 2.5 لیتر ئاو لە رۆژێكدا، تاوەكو بەشێوەیەكی ر‌ەوان پیسایی بكرێت.

مرۆڤ پێویستە كاتی تەواوی خۆی وەربگرێت كاتێك دەچێتە تەوالێت، چونكە پیساییكردن بەشێوەیەكی سروشتی و گوشارنەكردن لەخۆ دەبێتە هۆی ئازارنەدانی بۆرییە خوێنەكانی ناو ریخۆڵە، ئەوەی گرنگیش بێت پاكوخاوێنی دوای توالێتە، چونكە دەبێتە هۆی رێگرتن لە كۆبوونەوەی چەندین میكرۆبی زیانبەخش. هەروەها وەرزشكردن كاریگەری لەسەر خۆپاراستن و تووشنەبوون بە مایەسیری هەیە.

نەشتەرگەری باوی نەماوە

بێجگە لەو چارەسەرییە سروشتیانەش، چەندین دەرمانی دیكە هەن كە پزیشك دەیاننووسێت. هەندێ پزیشك رێگای نەشتەرگەری وەك چارەسەرێك بۆ هەموو قۆناغەكانی مایەسیری رەچاو دەكەن، بەڵام نەشتەرگەری بۆ مایەسیری لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا باوی نەماوە و تەنیا قۆناغەكانی كۆتایی پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە.