پلەی گەرما و مەترسییەكانی

د.زانیار نوری عوسمان*

ئاشكرایە كە مرۆڤ لە دوو سەرچاوەوە "كارلێك" لەگەڵ گەرما و سەرما دەكات، یەكێكیان پلەی گەرمای ناوەوەی لەشی مرۆڤە كە لە ئەنجامی جۆرەها پرۆسێسەوە دروستدەبێت. ئەوەی دیكەشیان پلەی گەرمای دەوروبەرە كە ئێمە باسی دووەمیان دەكەین.

كارلێكەكە: مرۆڤ پلەی گەرمیی لەشی لە نێوان 36.5 تاوەكو 37.5 پلەی سەدی رادەگرێ كە ئەمە گرنگە بۆ پاراستنی كاركردنی لەش. ئەگەر پلەی گەرمیی دەرەوە نزم بێت، ئەوا دەست دەكەین بە كرژبوونی ماسولكە و دەمارەكانی خوێن كە لە پێستماندا دەردەكەوێت و دواتر بە لەرز. ئەگەر پلەی گەرمای دەرەوە ببێتە 35.7 پلە یان وەرزش بكەین، ئەوا دەست دەكەین بە ئارەقكردنەوە. ئەگەر لەمە زیاتر بوو ئەوا تێكچوونی تەندروستیمان دەستپێدەكات.

نەخۆشییەكان:

1- رەقیتەی گەرما (heat cramps): ئەمە رەقبوونی ماسولكەكانە، كاتێك دروست دەبێت كە لە گەرمادا وەرزشێك دەكەین، زیاتر لە یاریزانەكاندا دەردەكەوێت بە تایبەتی كە تینوێتییان بە ئاوی سادە دەشكێنن، نەك بەو خوێواوەی لە یاریگاكاندا بەكاردێت. چارەسەری رەقیتە پشوودان و خوێواو خواردنەوەیە.

2- لەخۆچوون لە گەرما: بوورانەوەیەكی كەمخایەنە، كاتێك روودەدات كە پلەی دەوروبەر گەرم بێت. چارەسەی ناوێت جگە لە پشوودان.

3- ماندووبوون لە گەرما: ئەمەیان پلەی لەشی مرۆڤ دەگەیەنێتە نێوان 37- 40 پلە. كەسەكە تووشی سەرئێشە و ئارەقكردنەوەی زۆر دەبێت. كاتێك روودەدات كە كارێكی قورسی وەكو كرێكاری بكەین لە كەشێكی گەرمدا. ئەمەیان پێویستی بە چارەسەرە لە نەخۆشخانە. زۆربەی كات نەخۆشەكە بەخێرایی چاك دەبێتەوە.

4- لێدانی گەرما: مەترسیدارە، كاتێك روودەدات كەسێك لە كاری قورس بەردەوام بێت پاش ئەوەی بووە جۆری سێیەم. پلەی لەشی ئەو كەسە دەبێتە سەرووی 40 پلە. ئەوەی سەیرە لێرەدا ئارەقكردنەوە نامێنێت! ئەمەش دەبێت لە نەخۆشخانە چارەسەر بكرێت و درێژەش دەكێشێت.

كێن زیاتر تووشدەبن:

1- منداڵی تازە لەدایكبوو تاوەكو یەك ساڵان.
2- پیری پەككەوتە.
3- ئەوانەی چارەسەی میزپێكردن بەكاردێنن (حەبی میز) كە بۆ نەخۆشیی بەرزە پەستانی خوێن و پەككەوتنی دڵە.

*هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە نەخۆشییەكانی هەناو