بەردی زراو گرانەتا دەگوازێتەوە

رووداو - medical news today

توێژینەوەیەكی نوێ دەڵێت، بەكتریای گرانەتا لە هەندێك لە هەڵگرانی نەخۆشییەكەدا لەسەر بەردی زراو دەمێننەوە و سەختە بە دەرمان لەناو ببرێن.

هەڵگرانی بەكتریای گرانەتا نیشانەی نەخۆشییەكەیان تێدا نییە، بەڵام بەكتریاكە لە جەستەیاندا هەیە و بۆ كەسانی دیكەی دەگوازنەوە و تووشیان دەكەن.

هەڵگرەكان لەڕێگای پیساییەوە بەكتریاكە فڕێدەدەنە دەرەوە و لە رێگای دەستی خاوێن نەكراوە، یان ئەو گژوگیا و ئاوەی بە بەكتریاكە پیسبووە، دەیگوازنەوە بۆ كەسانی تەندروست و تووشیان دەكەن.

نیشانەكانی گرانەتا بریتین لە تایەكی بەرز و سەرئێشە و بێهێزی و سك ئێشە. ساڵانە لەسەرتاسەری جیهاندا 22 ملیۆن كەس تووشی گرانەتا دەبن و هەزارانیان لێدەمرێت.

زانایانی زانكۆی ئۆهایۆی ئەمریكی، توێژینەوەیەكی نوێیان سەبارەت بە هەڵگرانی بەكتریای گرانەتا ئەنجامدا و ئەنجامەكەی لە گۆڤاری زانستی Proceedings of the National Academy of Sciences دا بڵاوبووەوە.

ساڵانێكە زانایان دەزانن یەكێك لەو شوێنانەی بەكتریای گرانەتا دوای چاكبوونەوەی كەسێك لە جەستەیدا دەمێنێتەوە بریتییە لە توورەگەی زراو، بەڵام ئەوەی نوێیە لەو توێژینەوەیەدا ئەوەیە كە نهێنی مانەوەی بەكتریاكان و كارلێنەكرانیان بە دەرمانی دژە زیندە (ئەنتی بایۆتیك) ئەوەیە بە كۆمەڵ لەسەر بەردەكانی زراو كۆدەبنەوە. بەردەكانیش ماددەی مردوون و وەك شانەكانی جەستە زیندوو نین تا دەرمانەكان بە ئاسانی بگەنە سەریان.

پسپۆڕەكان گوتیان بە تێگەیشتن لەو نهێنییە، كار بۆ ئەوە دەكەین لە داهاتوودا تەنیا دەرمان بەكاربهێنین بۆ رێگاگرتن لە كۆبوونەوەی ئەم بەكتریایانە لەسەر بەردەكان. نەك وەكو ئێستا كە لە كەسانی هەڵگری گرانەتادا نەشتەرگەری لابردنی زراو دەكرێت بۆ رزگاربوون لە بەكتریاكان. پسپۆڕە ئەمریكییەكان توێژینەوەیان لەسەر چەند مشكێك ئەنجامدابوو، تێیدا بۆیان دەركەوت ئەو مشكانەی بەردی زراویان هەیە ژمارەیەكی زیاتری بەكتریای گرانەتا لە زراویاندا كۆدەكەنەوە لەوانەی هەڵگری بەكتریاكەن، بەڵام بەردی زراویان نییە.

پسپۆڕەكان دەڵێن ژمارەی بەكتریای گرانەتا لە پیسایی ئەو مشكانەی بەردی زراویان هەیە، سێ ئەوەندەی ئەوانەیە كە بەردیان نییە.

ئەو پسپۆڕە توێژەرانە تەماشای شیكاریی توورەگەی زراوی ئەو كەسانەیان كرد كە بە هەر هۆكارێك بە نەشتەرگەری بۆیان لابراوە، بۆیان دەركەوت 5%ی هەموو توورەگە لابراوەكان بە بەكتریای گرانەتا پیسبووە، بێئەوەی خاوەنەكەی هیچ نیشانەیەكی هەبووبێت.