ژن و پیاو پێكەوە بخەون یان بە جیا؟
رووداو - جەزیرە
زۆربەی هاوسەران، بەتایبەتی ئەوانەی لە ساڵانی سەرەتای ژیانی هاوسەریدان، بەگرنگی دەزانن كە پێكەوە لە نێو جێگایەكدا بخەون، هەندێكجار دەگاتە ئەوەی ئەگەر یەكێكیان بیەوێ بەجیا بخەوێت، ئەوی دیكەیان تۆمەتباری بكات بە نەمانی هەست و خۆشەویستی و سۆز.
بەڵام شارەزایەك بە پێچەوانەی ئەو هاوسەرانەوە بیر دەكاتەوە و دەڵێت زیاتر تەندروستترە ئەگەر ژن و مێرد لە جێگای جیادا بخەون، یان تەنانەت لە ژووری جیاوازیشدا. نووستن بە تەنیا لەوانەیە لای ئەو كەسانە زیاتر مانای هەبێت كە كێشەی كەمخەوییان هەیە، یان بە پرخە یان دەنگێك خەو لە چاوەكانیان بفڕێت.
لیكریسپی، شارەزای چارەسەری كێشەی هاسەرەكان لە نیویۆرك، بە پێچەوانەی ئەو هاوسەرانەوە بیر دەكاتەوە كە دەڵێن نووستن دوور لە هاوسەرەكانیان هەستی تەنیاییان لەلا دروستدەكات، دەڵێت "هاوسەرەكان باشتر دەخەون، ئەگەر بە تەنیا بن".
ئەو پشتگیری قسەكانی بەوە دەكات كە دەڵێت، نووستن كارێكی تاكە كەسییە وەكو ماراسۆن، هەرچەندە كۆمەڵێك خەڵكی دیكە هەیە لە دەوروبەرت رادەكەن، بەڵام تۆ خۆت بە تەنیا بۆ خۆت رادەكەیت، چونكە چالاكییەكی تاكە كەسییە، هەر كاتێك خەڵكی زیاتر بەشداری ماراسۆنەكە بكەن یان لەگەڵتدا بخەون، ئەوا هەلی پشوودان و سەركەوتنت كەمتر دەبێتەوە.
بۆچی هاوسەرەكان حەز دەكەن پێكەوە بخەون؟
لەوانەیە وەڵامەكە سەیر بێت، بە گوتەی رۆجەر ئاكێرش نووسەر و پرۆفیسۆر لە بواری مێژوو لە زانكۆی ڤێرجینیا، هۆكارەكە ئابووریانە لێكدەداتەوە، ئەو دەڵێت لە سەدەی نۆزدەدا، رێژەیەكی زۆر لە خەڵكی نەیانتوانیوە جێگای تایبەت بە خۆیان هەبێت، لەبەرئەوە هەموویان پێكەوە لە جێگایەكدا نوستوون، بەوەش خۆیان لە سەرمای زستان پاراستووەو خەرجی گەرمكردنەوەشیان لەسەر كەمبووەتەوە.
ئاكێرش هۆیەكی دیكەی نوستن پێكەوە دەگێڕێتەوە بۆ ترسان لە تاریكی، ئەویش پێش داهێنانی كارەبا، ئەو كاتەی تاریكی سەرچاوەی هێنانی ترس بووە بۆ خەڵك، جگە لە دزی و ئاژەڵی دڕندە و جادوو، لەو كاتەدا نووستنی بە كۆمەڵ سەرچاوەی دابینكردنی ئارامی و هەستكردن بە سەلامەتی بووە.
پەیوەندی
هەندێك لە هاوسەرەكان ترسی ئەوەیان هەیە ئەگەر لە جێگای جیادا بخەون ئەوا پەیوەندی سێكسییان تێكدەچێت.
هەندێك دەڵێن نووستنی ژن و مێرد لەسەر جێگایەك بوار بۆ قسەكردن لەسەر كاروباری ناو ماڵ و كێشە خێزانییەكان دەرەخسێنێت لە كەشێكی هێمندا، بەڵام پزیشكان دەڵێن نابێت ناو جێگا ببێتە شوێنی یەكلاییكردنەوەی ئەو كێشانە، چونكە دەبێتە هۆی زراندنی خەو، بە تایبەتی ئەگەر بابەتەكە ئاڵۆز بێت.
لەبەر ئەو هۆكارانە نووستن لە دوو جێگای جیوازدا بۆ هاوسەرەكان شایانی بیرلێكردنەوەیە، یارمەتیدەرە بۆ ئەوانەی كێشەی كەمخەوییان هەیە، ئەگەریش ترست لە كەمبوونەوەی خۆشەویستی هەیە، ئەوان عاشقەكان دەڵێن دووركەوتنەوە ئاگری پێكگەشتنەوە تاو دەدات.