هەولێر.. قەستەرە لە یەکەی بوژانەوەی دڵ دەكرێتەوە

رووداو- هەولێر

دوای بەدواداچونێکی تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر نەبوونی قەستەرە لە یەکەی بوژانەوەی دڵ لە هەولێر و ئەنجامدانی راپۆرتێک و دابەزینی گوتارێک لە لاپەرەی تەندروستی هەفتەنامەی رووداو، بەڕێوەبەرایەتی گشتيی تەندروستی هەولێر بە دێسکی تەندروستی رووداویان راگەیاند، کە لە ماوەی دوو مانگدا قەستەرە لەو یەکەیە دروست دەکەن.

د. دڵشاد چۆمانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستی هەولێرو تاوتوێکردنی بەدوادچونەکانی رووداو، بڕیاردرا لە ماوەی دوو مانگدا ئەو یەکەیە دروست بکرێت.

د. دڵشاد ئاماژەی بە گرنگیی بوونی ئەو یەکەیە کرد و رایگەیاند، پلانەکە تەواوبووە و ئەمڕۆش رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێری بۆ وەرگیراوە و لە ماوەی داهاتوودا دەست بە کارەکان دەکرێت.

بەپێی پلانی نوێی دێسکی تەندروستی، هەر هەفتەیەک تەوەرێک لە هەریەکە لە بەرنامەی نۆرین، هەواڵە تەندروستییەکانی رۆژی دووشەممە، لاپەرەی تەندروستی هەفتەنامە و پۆرتاڵی رووداو تاوتوێ دەکرێت، لەم هەفتەیەدا لەگەڵ باسکردنی جەڵتەی دڵ جەخت لەسەر کەمووکوڕییەکانی چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییە لە نەخۆشخانەکانی کوردستان کرایەوە و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێریش وەڵامی بەدواداچوونەکانی رووداوی دایەوە.