ئاهەنگەکانی سەری ساڵی نوێ لە چەند وڵاتێکی جیهان
رووداو- هەولێر
سکای تاوەر لە پایتەختی نیوزیلەندا ، یەکەمین تاوەری جیهان بوو کە پێشوازی لە ساڵی نوێی 2018 کرد.
کاژێر 14:30 خولەک بەکاتی هەولێر، شاری ئۆکڵاند بەیاری ئاگرین پێشوازی لە ساڵی نوێ کرد وەک یەکەمین شار لە جیهان.
شاری سیدنی ئوسترالیا، دووەم شاری جیهان بوو کە پێشوازی لە ساڵی نوێی 2018 کرد. هەزاران کەس چوونە بەردەم باڵەخانەی ئۆپێرا و بەرزە پردی هاربەر بۆ پێشوازیکردن لە سەری ساڵی نوێی زایینی.
دوای شارەکانی ئۆکلاند و ویڵینگتن لە نیوزیلەندا ، شاری سیدنی ئۆسترالیا کە ژمارەی دانیشتووانی 4 ملیۆن و 29 هەزار کەسە، پێشوازی لە سەری ساڵ کرد و بڕێکی زۆر لە یاری ئاگرین لە رێوڕەسمەکەدا بەکارهات.
لە شاری ئەسینای یۆنان ، هەزاران کەس بەشدارییان لە ئاهەنگی سەری ساڵی نوێ کرد.
ئاهەنگەکان لە ناوچەی مێژوویی ئەکرۆپۆلس بەڕێوەچوو و تێیدا جگە لە یۆنانییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران بەشدارییان لە ئاهەنگەکە کرد.
ناوچەی ئەکرۆپۆلس ، ناوچەیەکی دێرینی یۆنانە کە تێیدا زۆربەی ئاهەنگ و بۆنە نیشتیمانییەکان ئەنجام دەدرێن.
ئەڵمانیا پێشوازی لە ساڵی نوێی 2018 کرد
لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، ئاهەنگی سەری ساڵی نوێ بەڕێوەچوو و تێیدا دەیان هەزار کەس لە بەردەم دەروازەی برادن بۆرگ کۆبوونەوە و لەژێر یاری ئاگریندا پێشوازییان لە ساڵی نوێی 2018 کرد.
دوبەی رێوڕەسمێکی جیاواز لە ساڵانی رابردووی ئەنجامدا
شاری دوبەی لە ئیمارات ، هاوشێوەی زۆربەی شارەکانی دیکەی جیهان ، پێشوازی لە ساڵی نوێی زایینی کرد.
بەپێچەوانەی ساڵانی رابردوو کە تێیدا یاری ئاگرین لەسەر تاوەری خەلیفە دەتەقێندران، ئەمساڵ مەراسیمەکان لەسەر ئەو تاوەرە تەنها لەرێگەی داگیرسانی تیشکی لەیزەر و بەکارهێنانی میوزیک بوو. تاوەری خەلیفە دیارترین سیمبولی میرنشینی دوبەی و وڵاتی ئیماراتە.
بەریتانیا پێشوازی لە ساڵی نوێی 2018 کرد
لە ناوەندی شاری لەندەن و ناوچەکانی دیکەی ئەو شارە ، پێشوازی لە سەری ساڵی نوێی 2018 کرا. شارەوانی لەندەن، بەیاری ئاگرین و هەروەها میوزیک ، پێشوازی لە ساڵی نوێی 2018 کرد.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە لەندەن رایگەیاند: سەدان هەزار کەس سەردانی شاری لەندەنیان کردووە و پێشبینیش دەکرێت بڕی نزیکەی 25 ملیار دۆلاری ئەمریکی سوود بەو وڵاتە بگات.
رێوڕەسمەکانی هۆنگ کۆنگ سەرنجی هەزاران ئامادەبوویان راکێشا
لە کەناراوەکانی ڤیکتۆریا لە هۆنگ کۆنگ باڵەخانە بەرزەکانی سەر ئاو بە یاری ئاگرین سەرنجی هەزاران ئامادەبوویان بۆ خۆیان راکێشا.
کەناراوەکانی ڤیکتۆریا لە هەرێمی هۆنگ کۆنگ نێوبانگی تایبەتییان هەیە ، لەکاتی سەری ساڵدا هەزاران کەس روودەکەنە شوێنە گەشتیاری و سەرنجڕاکێشەکانی ئەو ناوچەیە.
ڤیکتۆریا هاربەر ناوچەیەکی مێژوویی و ستراتیژییە ، حکومەتی هۆنگ کۆنگیش بە شوێنێکی گونجاوی دەزانیت بۆ ئەوەی یاری ئاگرینی لێ ئەنجامبدات و رێوڕەسمەکانی ساڵی نوێی تێدا ئەنجام بدرێن.
لە جاکارتا بە یاری ئاگرین ناوچەکە رووناک کرایەوە
لە هۆتێل ئەندەنوسیا لە جاکارتای پایتەختی وڵاتی ئەندەنوسیا کە بە سیمبۆلی شارەکە دەناسرێت ، بە کۆمەڵە ئاهەنگ و رێوڕەسمێکی تایبەت ، پێشوازی لە ساڵی نوێ کرا .
فلکەی بەردەم هۆتێل ئەندەنوسیا پڕ بوو لە خەڵک ، میوزیک لێدەدرا و بە یاری ئاگرین ناوچەکە رووناک کرایەوە.
داڕشتنەوە؛ عومەر شایان