سەرۆکی چین هیوادارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا پەرەپێبدات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەبۆنەی ساڵیادی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان، سەرۆکەکانی چین و ئەمریکا بە نامە پیرۆزباییان لە یەکدی کرد و سەرۆکی چین هیوای خواست پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بدات.
 
رۆژی دووشەممە 01-01-2024 میدیای چین بڵاوی کردەوە، "شی جینپینگ، سەرۆکی چین هیوادارە پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بدات. دوێنێ سەرۆکی چین و سەرۆکی ئەمریکا بە نامە بەبۆنەی 45ـەمین ساڵیادی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان پیرۆزباییان لە یەکدی کردووە."
 
وەزارەتی دەرەوەی چین باسی نێوەڕۆکی نامەکەی سەرۆکی چینی کردووە، تێیدا هاتووە، "دەبێت ئەمریکا و چین هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکی سەقامگیر، تەندروست و بەردەوام."
 
لە نامەکەیدا سەرۆکی چین بۆ سەرۆکی ئەمریکای نووسیوە، "هیوادارم کار لەگەڵ سەرۆک بایدن بکەم بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانمان، سوودگەیاندن بە گەلی هەردوو وڵات و پەرەپێدانی ئاشتی و بەرەوپێشچوونی جیهان."
 
16ی مانگی تشرینی دووەمی پار، سەرۆکی چین لە سان فرانسیسکۆی ئەمریکا لە کۆنفڕانسی هاوئاهەنگیی ئابووریی وڵاتانی ئاسیا - زەریای هێمن ناسراو بە (ئەیپێک) چاوی بە جۆ بایدن کەوت و بۆ ماوەی چوار کاژێر لە کۆبوونەوەدا بوون.
 
دوای کۆبوونەوەکە، بایدن گوتی، "پێموایە هەندێک گفتوگۆی بنیادنەرانە و بەرهەمدارمان هەبوو. لەوکاتەوەی هەردووکمان جێگری سەرۆک بووین، 10 ساڵ بەر لە ئێستا، لەگەڵ سەرۆک شی کۆبوومەتەوە، کۆبوونەوەکانمان هەمیشە زۆر راشکاوانە و بەرهەمدار بوون، هەمیشە کۆک نەبووین، بەڵام راشکاو بووین. ئەمڕۆش لەسەر بنچینەی ئەو بناخەیەی لە چەند مانگی رابردوودا لەنێوان تیمی دیپلۆماسیی هەردوولامان داندرابوو کۆبووینەوە، پێشموایە هەندێک بەرەوپێشچوونی باشمان بەدەستهێناوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا پێش بەڕێکەوتن بۆ شوێنی کۆبوونەوەکە لە سانفرانسیسکۆ بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئێمە نامانەوێت خۆمان لە چین جیا بکەینەوە، ئەوەی ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین ئەوەیە، کە پەیوەندییەکانمان بەرەو باشتر بگۆڕین."
 
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، بایدن رایگەیاند، "ناکرێت ئەو گرژییانە ببنە ناکۆکی". سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی، "ئێمە زۆر لەمێژە یەکدی دەناسین و هەمیشەش لەسەر پرسەکان کۆک نەبووین، کە ئەمەش شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە، بەڵام کۆبوونەوەکانمان هەمیشە راشکاو و راستەوخۆ و گونجاو بوون. بۆیە گرنگە کە من و تۆ بەڕوونی لەیەکدی بگەین وەکو سەرکردە بۆ سەرکردە، بەڵام بێ هەڵە لێکدانەوە و تێگەیشتن".