لە ئەمریکا منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ بە تۆمەتی کوشتن دەستگیر دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی شارێکی کالیفۆڕنیا دەڵێت، "منداڵێکی تەمەن 10 ساڵیان بە تۆمەتی کوشتنی کوڕێکی هاوتەمەنی خۆی دەستگیر کردووە."
رۆژی دووشەممە 01-01-2024 پۆلیسی شاری ساکرەمێنتۆ لە ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا، منداڵێکی تەمەن 10 ساڵیان بە تۆمەتی تەقەکردن و کوشتنی منداڵێکی هاوتەمەنی خۆی دەستگیر کرد.
پۆلیس دەڵێت، دوای ئەوەی رۆژی شەممە کاژێر 04:30 پاشنیوڕۆ، پەیوەندییان پێوە کراوە و هەواڵی تەقەکردنیان پێگەیشتووە. لەکاتی گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەکە، منداڵێکیان دۆزیوەتەوە کە خوێن لە سەر و ملی چۆڕاوە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و لەوێ بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی پۆلیسی ئەو ناوچەیە، کوژراوەکە کوڕە و تەمەنی 10 ساڵە.
پۆلیسی ئەو شارە رایگەیاندووە، تۆمەتباری کوشتنەکە منداڵێکی 10 ساڵە و لە ئۆتۆمبێلەکەی باوکی بۆ کڕینی جگەرە دابەزیوە. ئەو قسەی لەگەڵ کوڕەکەی دیکە کردووە و گوتوویەتی، "باوکم چەکی هەیە" پاشان چەکەکەی هێناوە و گولـلەیەکی تەقاندووە و ئەو کوڕەی کوشتووە، دواتر بەرەو شوقەیەکی نزیک لە شوێنی رووداوەکە رایکردووە.
پۆلیس دەڵێت، کوڕەکەمان دەستگیر کردووە و بە تاوانی کوشتن تۆمەتبار کراوە. هەروەها، ئارکێت دەیڤیسی تەمەن 53 ساڵ، کە باوکی تۆمەتبارەکەیە، دەستگیر کراوە و لە زیندانی ساکرەمێنتۆ دەستبەسەرە.
باوکی ئەو تۆمەتبارە، هەروەک بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەو شارە دەڵێت، بە تاوانی هەڵگرتنی چەکی دزراو تۆمەتبار کراوە و بە بڕی 500 هەزار دۆلار سزا دەدرێت و وا بڕیارە رۆژی 03-01-2024 دادگایی بکرێت.
لەبەر کەمیی تەمەنیان، پۆلیس ناسنامەی کوژراو و بکوژەکەی بڵاونەکردووەتەوە.
بەگوێرەی ئاسایشی ئەمریکا، کالیفۆڕنیا یەکێکە لەو ویلایەتانەی کە تاوانی زۆری لێدەکرێت. لەو ویلایەتە لە 1000 کەس 165 کەس تاوان دەکەن و زۆربەی تاوانەکانیش دزیکردنە. ویلایەتی لویزیانا زۆرترین رێژەی تاوانی لێدەکرێت و ویلایەتی ڤێرمۆنت سەلامەتترینە لە ئەمریکا.