ترەمپ هێزی پاسەوانی نیشتمانی لە سێ شار دەکشێنێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، پاسەوانی نیشتمانی لە سێ شاری گەورەی وڵاتەکە دەکشێنێتەوە، بەڵام هەڕەشەی ئەوە دەکات  ئەگەر تاوان زیادبێت، بە شێوەیەکی "زۆر بەهێزتر" هێزەکە دەگەڕێنێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 31-12-2025، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە شارەکانی شیکاگۆی ویلایەتی ئیلنیۆی، لۆسەنجلسی ویلایەتی کالیفۆرنیا و پۆرتلاندی ویلایەتی ئۆریگن راگەیاند.
 
ترەمپ لە یەکەم ساڵی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی وەک سەرۆکی ئەمریکا ئەو هێزانەی ناردە چەندین شار کە بەرپرسانی کارگێڕییان لە پارتی دیموکرات بوون، بە پاساوی "رووبەڕووبوونەوەی تاوان و کۆچی نایاسایی"، بەڵام هەفتەی رابردوو دادگەی باڵای ئەمریکا جێگیرکردنی هێزەکانی لە شیکاگۆ راگرت و پێشتریش دادگەیەکی فیدراڵی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە لۆسەنجلس دابوو.
 
ترەمپ لە پەیامەکەیدا دەڵێ: "هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی لەو سێ شارە دەکشێنینەوە، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی بوونی ئەو نیشتمانپەروەرە مەزنانەوە تاوان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا و گوتی: "ئەگەر رێژەی تاوان بەرزبێتەوە، ئێمە دەگەڕێینەوە، رەنگە بە شێوەیەکی زۆر جیاوازتر و بەهێزتر؛ تەنیا کاتی دەوێ."
 
گاڤن نیوسەم، حاکمی کالیفۆرنیا پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و رایگەیاند: "ئەم دانپێدانانەی ترەمپ واتای ئەوەیە تەکنیکی ترساندنی نایاسایی کۆتایی هات."