تائێستا هۆکاری ئاگری یانە شەوانەکەی سویسرا ئاشکرا نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سویسرا دەڵێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقینەوەیەک لە ناوچەیەکی گەشتیاری کانتۆنی ڤالی روویدا و لە ئەنجامدا نزیکەی 40 کەس گیانیان لەدەستدا. پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە روون نییە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
رۆژی پێنجشەممە، 1ی کانوونی دووەمی 2026، پۆلیسی سویسرا بڵاویکردەوە، کاژێر 1:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی سویسرا (کاژێر 3:30 بەکاتی هەولێر) لە ناوچەی گەشتیاری کرانس مۆنتانا لە کانتۆنی ڤالی تەقینەوەیەک روویدا.
بە گوێرەی بەرپرسانی سویسرا، لە ناوچەی تەقینەوەکەدا نزیکەی هەزار کەسی لێبوو. تاوەکو ئێستا کوژرانی لانیکەم 40 کەس و برینداربوونی 100ی دیکە پشتڕاست کراوەتەوە.
کانتۆنی ڤالی لە باشووری سویسرایە و هاوسنوورە لەگەڵ ئیتاڵیا و فەرەنسا. ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 371 هەزار کەسە. بە گوێرەی بەرپرسانی کانتۆنەکە، ساڵانە نزیکەی چوار ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچەکەیان دەکەن.
تائێستا پۆلیسی سویسرا هۆکاری تەقینەوەکەی ئاشکرانەکردووە، بەڵام ئاماژە بە دوو ئەگەر دەکەن.
یەکەمیان ئاگرێک کەوتبێتەوە یان بە ئەنقەست کرابێتەوە و دواتر تەقینەوەکە روویدابێت، بەڵام روونیاننەکردووەتەوە تەقینەوەکە یاری ئاگرین بووە یان ماددەی دیکە.
دووەمیشیان زۆری ژمارەی یاری ئاگرین بوووەتە هۆی ئەو ئاگرە گەورەیە و پاشان تەقینەوەکە، بەڵام لەمەشدا روون نییە کە ئایا تەنیا یاریە ئاگرینەکان بوون کە تەقیونەتەوە یان ماددەی دیکە.
پۆلیس لێکۆڵینەوە لە هەردوو سیناریۆکەدا دەکات.
ژمارەیەک وڵاتیش پاڵپشتی خۆیان بۆ سویسرا لەم ساتەدا دەربڕیووە و دەڵێن، ئامادەی هاوکارین، لەوانە فەرەنسا، ئیتاڵیا و بەریتانیا.