فڕۆکەیەکی فریاگوزاری لە ئەمریکا تێکدەشکێت؛ 'چارەنووسی 6 سەرنشین نادیارە'
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەیەکی فریاگوزاری لە شاری فیلادێلفیای ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمریکا تێکشکا. 6 سەرنشینی تێدا بووە، "نازانرێت سەرنشینەکان لە ژیاندا ماون یان مردوون."
لەدوای کاژێر 06:00ـی ئێوارەی 31-01-2025 بە کاتی ئەمریکا (02:00)ـی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر) فڕۆکەیەکی فریاگوزاری لە جۆری (Learjet 55) لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری فیلادلفیای پێنسلڤانیا تێکشکاوە، بەگوێرەی دەستەی فیدراڵیی فڕۆکەوانی ئەمریکا (FAA) لە ئاسمان دوای جێهێشتنی فڕۆکەخانە تێکشکاوە.
فڕۆکە فریاگوزارییەکە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سپرینگفیڵد- برانسن بەڕێکەوتبوو. باس لەوە دەکرێت کە "هەوڵی گواستنەوەی منداڵێکی داوە کە باری تەندروستیی تێکچووە."
خاوەنی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکە (هێڵی جێت ریسکیو) رایگەیاند: "ئێستا ناتوانن دڵنیا ببنەوە کە هیچ کەسێک لە رووداوەکە رزگاری بووبێت."
شێرڵ پارکەر، سەرۆکی شارەوانیی فیلادێلفیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "چەندین خانوو و ئۆتۆمبێل بەهۆی رووداوەکە زیانیان پێگەیشتووە، بەڵام هیچ زانیارییەکمان لەبارەی ژمارەی قوربانییەکان لەبەردەست نییە."
بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن، چەند کەسێک لە دەوروبەری رووداوەکە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بریندار بوون.