ترەمپ: کەشتیی زۆر بەهێزمان بەڕێکردووە و ئێرانییەکان بە جیدی گفتوگۆمان لەگەڵ دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادە نەبوو ئاشکرای بکات ئایا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە ئێران داوە یان نا، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ئێرانییەکان "بە جیدی" گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەن.
 
ترەمپ لەکاتی گەشتکردنی بۆ فلۆریدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدایەوە کە ئایا تاران "بوێرتر" دەبێت، ئەگەر ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر ئێران پاشگەز ببێتەوە؟ تەنیا گوتی، "هەندێک کەس وای دەبینن و هەندێکیش نەخێر."
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە ئێران دانوستاندن لەسەر رێککەوتنێکی "جێگەی رەزامەندی" بکات، کە رێگری لەو وڵاتە بکات لە دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، بەڵام گوتیشی، "نازانم ئەوە دەکەن یان نا، بەڵام ئەوان گفتوگۆمان لەگەڵ دەکەن؛ بە جیدی گفتوگۆمان لەگەڵ دەکەن."
 
لە لایەکی دیکەوە، درەنگی شەوی شەممە عەلی لاریجانی، بەرپرسی باڵای ئەمنیی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "ئامادەکارییەکان بۆ دانوستاندنەکان بەرەو پێش دەچن."
 
لەگەڵ ئەوەشدا، تاوەکو ئێستا هیچ نیشانەیەکی ئاشکرا نییە بۆ هەبوونی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، کە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندینجار رەتیکردووەتەوە.