زانکۆی تەکنیکیی بەرلین چەند فەرمانبەرێکی لەبەر تووندوتیژی دژی خوێندکاری کورد دوورخستەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی زانکۆی تەکنیکیی بەرلین (TU) رایگەیاند، ئەوان "تووندوتیژیی فەرمانبەرانی سکیوریتی بەرامبەر ناڕەزایەتییەکی ئاشتییانەی" خوێندکارانی کورد لە بەرلین لە نێو کتێبخانەکەیاندا شەرمەزار دەکەن." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو فەرمانبەرانە چیدیکە بۆ زانکۆکە کار ناکەن. رێکخراوی خوێندکارانی کورد دەڵێ، هێرشی فەرمانبەرانی کۆمپانیای سکیوریتی "رەگەزپەرستی" بووە و هێرشەکان بۆ سەر کورد لە ئەڵمانیا "زیادیان کردووە".
 
لە 1ی شوباتی 2026، سەرۆکایەتیی زانکۆی تەکنیکیی بەرلین سەبارەت بە هێرشی فەرمانبەرانی سکیوریتی بۆ سەر چالاکییەکی خوێندکارانی کورد لە کتێبخانەی ئەو زانکۆیە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ڤیدیۆی رووداوەکە "دڵتەزێنە" و دووپاتی کردەوە کە ئەوان پاڵپشتی لە دۆخێکی "بێ تووندوتیژی" دەکەن.
 
سەرۆکایەتیی زانکۆی TU گوتی: "ئێمە تووندوتیژی بەرامبەر خۆپێشاندانی ئاشتییانە بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا شەرمەزار دەکەین. لە زووترین کاتدا لێکۆڵینەوە لەم رووداوە دەکەین و رێکاری تووند دەگرینەبەر."
 
زانکۆی TUی بەرلین کە یەکێکە لە 20 زانکۆ گەورەکەی ئەڵمانیا، جەختی کردەوە کە پاڵپشتی لە "کولتوورێکی زانکۆیی بەدوور لە تووندوتیژی و لەسەر بنەمای پێکەوەژیان" دەکات، هەر بۆیەش هاوکاریکردنی "قوربانییان" ئامانجێکی سەرەکییە.
 
ئەمڕۆ زانکۆکە لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام سەبارەت بەو فەرمانبەرانە رایگەیاند: "فەرمانبەرانی (سکیوریتی) چیدیکە لە زانکۆی تەکنیکیی بەرلین لە سەر کار نین. کۆمپانیاکە ئێستا ئەمەی راگەیاندووە."
 
خوێندکارانی کورد لە بەرلین: هۆکاری هێرشەکە رەگەزپەرستی بووە
 
خوێندکارانی کورد لە بەرلین لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوە کردووە، لە کتێبخانەی زانکۆی تەکنیکیی بەرلین رووبەڕووی "هێرشێکی رەگەزپەرستانە" بوونەتەوە، کاتێک رۆژی دووشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2026 چالاکییەکی زانیاریبەخشینیان سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان لە نێو باڵەخانەی کتێبخانەکەدا ئەنجامداوە.
 
رێکخراوەکە رایگەیاندووە، دوای ئەوەی چالاکییەکەیان لەلایەن فەرمانبەرانی سکیوریتییەوە راگیراوە، ئەوان "ئامادە بوون" لە باڵەخانەکە بچنە دەرەوە، بەڵام یەکێک لە سکیوریتییەکان "بەشداربووێکیانی بەرنەداوە". 
 
هەروەها رایگەیاندووە، دوای ئەوەی چالاکڤانەکە توانیویەتی خۆی لە دەستی سکیوریتی رزگار بکات، فەرمانبەرەکە بەردەوام بووە لە شوێنکەوتنی. دواتر، وەک لە ڤیدیۆی خوێندکارانی کورد لە بەرلیندا دەردەکەوێت، سکیوریتییەکە ئەو کچە بەشداربووەی "بە قژ راکێشاوە".
 
خوێندکارانی کورد لە بەرلین گوتیان: "هەڵسوکەوتێکی بەو جۆرە تووند بەرامبەر چالاکییەکی ئاشتییانە، بە شێوەیەکی یەکجار زۆر نادادپەروەرانە و ناهاوسەنگە."
 
رێکخراوی خوێندکارانی کورد هێرشەکە بە "رەگەزپەرستی و ترانسهۆبیا" وەسف دەکات و دەڵێت، هێرشە رەگەزپەرستانەکان بەرامبەر کورد لە چوارچێوەی رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان لە ئەڵمانیا "زیادیان کردووە".
 
رێکخراوەکە هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە ناسنامەی ئەو هێرشکارەکان ئاشکرا نەکردووە.