ترەمپ: هیوادارم لەگەڵ ئێران رێکبکەوین

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هیوادارە لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتن، ئەمەش دوای ئەوەی رێبەری باڵای وڵاتەکە هۆشداریی دا کە هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی هەرێمی.
 
رۆژی یەکشەممە، 1ی شوباتی 2026، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی بە "کودەتا" وەسفکرد و هۆشداریی دا کە هەر هێرشێکی ئەمریکا دەبێتە هۆی ململانێیەکی بەرفراوان. گوتیشی، ئەمریکییەکان دەبێت بزانن ئەگەر جەنگ دەستپێبکەن، ئەمجارە دەبێتە جەنگێکی هەرێمی و بە ئێرانییەکانی گوت کە نابێت لە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بترسن.
 
خامنەیی گوتی: "ئەوان (ئاژاوەگێڕان) هێرشیان کردە سەر پۆلیس، ناوەندە حکومییەکان، ناوەندەکانی سوپای پاسداران، بانکەکان و مزگەوتەکان و قورئانیان سووتاند... وەک کودەتا وابوو، بەڵام شکست بە کودەتاکە هێنرا."
 
کاتێک لەبارەی هۆشدارییەکەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پرسیاری لێکرا، ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی گوت: "بێگومان ئەو شتی وا دەڵێت." دەشڵێت، "هیوادارم رێککەوتنێک بکەین. ئەگەر رێککەوتنیش نەکەین، ئەو کاتە دەزانین کە ئایا ئەو راستی دەکرد یان نا". 
 
رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی پار، خۆپێشاندانەکان لە ئێران وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گرانی ژیان دەستیان پێکرد، بەڵام گۆڕا بۆ خۆپێشاندانی دژە حکومەت کە سەرکردەکانی وڵاتەکە وەک "ئاژاوە" وەسفیان کردووە کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیلەوە هان دراون.
 
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی متمانەی بە ئەمریکا وەکو هاوبەشێک بۆ گفتوگۆ نەماوە، بەڵام ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە کاردەکەن بۆ دروستکردنەوەی ئەو متمانەیە. گوتیشی، پێی وایە ترەمپ "ئەوەندە ژیر بێت کە بڕیاری دروست بدات". 
 
لە مانگی نیسانی 2025 بۆ حوزەیرانی هەمان ساڵ ژمارەیەک کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆ لەنێوان شاندی ئێران و ئەمریکا لە رۆما و مەسقەت بەڕێوەچوون، بەڵام هیچ رێککەوتنێک نەکرا. بڕیار بوو دواتر کۆبوونەوەی دیکە بکرێت، بەڵام دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران بە دەستپێشخەری تەل ئەڤیڤ و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەو دانوستاندانەی راگرت. 
 
گوتەکانی بەرپرسانی تاران و واشنتن لە کاتێکدان ئەمریکا ژمارەی کەشتی سەربازی و فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکنی گواستوونەتەوە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن، گواستنەوەی ئەو هێزە ئامادەکارییە بۆ ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ ئێران. 
 
عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رۆژی شەممە گوتی: "بە پێچەوانەی پروپاگەندەی شەڕی میدیایی دروستکراو، ئامادەکارییە بنیاتییەکان بۆ گفتوگۆ لە پێشڕەویدان."