بەڵگەنامە نوێیەکان پەیوەندییەکانی گەیتس، مەسک و لووتنیک بە ئێپستینەوە ئاشکرا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامە نوێیەکانی تایبەت بە جێفری ئێپستین، بازرگان و تاوانکاری سێکسی، جارێکی دیکە سەرنجی خستووەتە سەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشێک لە دەوڵەمەندترین و بەهێزترین پیاوانی ئەمریکا، لەنێویاندا بیڵ گەیتس و ئیلۆن مەسک.
ئەو بەڵگەنامانە رۆژی هەینی لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە بڵاوکرانەوە، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر ئەو وادەیەی لە یاساکەدا دیاریکرابوو بۆ بڵاوکردنەوەی سەرجەم بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە ئێپستین.
بەڵگەنامەکان کە سێ ملیۆن لاپەڕە لەخۆدەگرن، تیشک دەخەنە سەر دوو لە دەوڵەمەندترین پیاوانی جیهان؛ بیڵ گەیتس، دامەزرێنەری مایکرۆسۆفت و ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەری تێسلا. هەردووکیان پێشتر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێپستین بە کەم وەسف دەکرد.
لە ئیمەیڵێکدا کە لەنێو بەڵگەنامەکاندایە، ئێپستین بانگەشەی ئەوەی کردووە، گەیتس "پەیوەندیی سێکسیی لە دەرەوەی هاوسەرگیری" هەبووە و داوای یارمەتیی لێکردووە بۆ دەستخستنی دەرمان، تاوەکو ئەو نەخۆشیانەی چارەسەر بکات کە لە ئەنجامی سێکسکردن لەگەڵ کچانی رووسی تووشیان بووە.
دامەزراوەی گەیتس لە راگەیێندراوێکدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەو بانگەشانەی رەتکردووەتەوە و بە "تەواو بێمانا و ناڕاست" ناوی بردوون.
هاوکات ئیمەیڵەکانی ئیلۆن مەسک بۆ ئێپستین دەریدەخەن، مەسک لەنێوان ساڵانی 2012 و 2013 بەدوای ئەوەوە بووە سەردانی دوورگە تایبەتەکەی ئێپستین لە کاریبی بکات، کە بۆ سێکسکردن لەگەڵ کچانی خوار تەمەنی یاسایی بەکاردەهێندرا. ئەمەش ساڵانێک دوای ئەوە بووە ئێپستین بە تاوانی سێکسکردن لەگەڵ منداڵان سزادرابوو. لە ئیمەیڵێکدا لە ساڵی 2012 مەسک نووسیویەتی، "کام رۆژ/شەو شێتانەترین ئاهەنگ لە دوورگەکەت دەبێت؟"
وا دەردەکەوێت کۆبوونەوەیەکی پلان بۆ دانراو لەگەڵ مەسک لە ساڵی 2013 بەهۆی کێشەی کاتەوە لەلایەن ئێپستینەوە هەڵوەشێندرابێتەوە. ئیمەیڵەکان ئەوە دەرناخەن کە مەسک دواجار سەردانی دوورگەکەی کردووە یان نا، بەڵام ئەو بانگەشانەی پێشووی مەسک دەخەنە ژێر پرسیارەوە کە گوتبووی ئەو بووە داواکارییەکانی ئێپستینی رەتکردووەتەوە.
بەڵگەنامەکان هەروەها نامەگۆڕینەوەی ئیمەیڵیی هاوارد لووتنیک، وەزیری بازرگانیی ئیدارەی ترەمپ لەخۆدەگرن، کە ئامادەکاری دەکات بۆ سەردانکردنی دوورگەکەی ئێپستین لە کانوونی یەکەمی 2012. ئیمەیڵێک کە لە یاریدەدەرەکەی ئێپستینەوە بۆ لووتنیک نێردراوە، وا دەردەکەوێت پشتڕاستی بکاتەوە کە ئەو دوو پیاوە لەو ماوەیەدا یەکیان بینیوە.
لە تشرینی یەکەمی 2025ـدا، لووتنیک، ئێپستینی بە "قێزەون" و "گەورەترین کەسی ھەڕەشەکار" وەسف کرد، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ساڵانێک پێشتر پەیوەندیی لەگەڵیدا پچڕاندووە.
گوتەبێژێکی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لووتنیک "پەیوەندیی سنوورداری بە ئامادەبوونی هاوژینەکەی لەگەڵ بەڕێز ئێپستین هەبووە و هەرگیز بە هیچ هەڵەیەک تۆمەتبار نەکراوە."
"دەستدرێژیکاران هێشتا پارێزراون"
سەرەڕای ئاشکراکردنی زانیارییە نوێیەکان، گرووپێک لە رزگاربووانی دەستی ئێپستین دەڵێن، بەشێک لەوانەی دەستدرێژییان کردووەتە سەریان "هێشتا شاراوەن و پارێزراون."
لە راگەیێندراوی 19 رزگاربوودا کە بەشێکیان ناوی خوازراو یان پیتەکانی سەرەتای ناوەکانیان بەکارهێناوە، هاتووە: زانیاری لەبارەی ئەوانەوە هێشتا لە بەڵگەنامەکاندا ماوەتەوە، "لەکاتێکدا ئەو پیاوانەی دەستدرێژییان کردووەتە سەرمان، هێشتا شاراوە و پارێزراون." نامەکە داوای "بڵاوکردنەوەی تەواوەتیی دۆسیەکانی ئێپستین" دەکات، هەروەها داوا دەکات پام بۆندی، داواکاری گشتیی ئەمریکا مانگی داهاتوو لەبەردەم کۆنگرێس بە روونی باسی ئەو بابەتە بکات.
یاسای شەفافییەتی دۆسیەکانی ئێپستین، کە 19ـی تشرینی دووەم لەلایەن ترەمپەوە واژۆکرا، داوا دەکات هەموو بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە ئێپستین لەلایەن وەزارەتی دادەوە تاوەکو 19ـی کانوونی یەکەم بڵاوبکرێنەوە.
تۆد بلانچ، جێگری داواکاری گشتی رایگەیاند، بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکان لە رۆژی هەینیدا "کۆتاییهێنانە بە پرۆسەیەکی گشتگیری ناسینەوە و پێداچوونەوەی بەڵگەنامەکان." بەرپرسەکە هۆکاری دواکەوتنەکەی بۆ کارکردن لەسەر لابردنی زانیارییە تایبەتییەکان گەڕاندەوە بە مەبەستی پاراستنی ناسنامەی زیاتر لە هەزار قوربانیی ئێپستین.