بەفر گەشتەکانی باشووری ئەمریکا پەک دەخات
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی شەپۆلێکی بەهێزی بەفر کە ویلایەتەکانی باشووری ئەمریکای گرتووەتەوە، پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دابەزیون و ئاستەنگی زۆر بۆ گەشتکردن و ژیانی خەڵک دروستبووە، ئەوەش لە ناوچەگەلێک کە بەو جۆرە کەشوهەوایە رانەهاتوون.
ئەم شەپۆلە نوێیەی کەشوهەوای تووند، هەفتەیەک دوای زریانێکی دیکەی پڕ لە سەرما و کڕێوە دێت کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس و پەککەوتنی ژیان لە چەندین ناوچەی جیاوازی ئەمریکا.
رۆژی شەممە، بەفرێکی زۆر لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور و ویلایەتە دراوسێکانی باری، بەرپرسانی ناوچەکەش داوایان لە هاووڵاتییان کردووە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و هاتووچۆ نەکەن. هاوکات هۆشدارییان داوە لە مەترسیی داڕمانی ئەو خانووانەی لە کەناراوەکاندا دروستکراون.
ئێستا هەریەک لە ویلایەتەکانی کارۆلاینای باکوور و کارۆلاینای باشوور، بەشێک لە جۆرجیا، رۆژهەڵاتی تێنسی، کێنتەکی و باشووری ڤێرجینیا لەژێر کاریگەریی شەپۆڵەکەدان.
پۆلیسی هاتووچۆی کارۆلاینای باکوور رایگەیاندووە، تەنیا لە رۆژی شەممەدا 750 رووداوی هاتووچۆ بەهۆی بەفر و سەهۆڵبەندانەوە روویانداوە.
ئاستی بەفربارین لە هەندێک ناوچە پێوانەیی بووە. لە ناوچەی فاوست لە باکووری کارۆلاینا 37 سانتیمەتر و لە ڤێرجینیا 32 سانتیمەتر بەفر باریوە.
لە ڤیدیۆیەکدا کە پۆلیسی گاستۆنیا لە کارۆلاینای باکوور بڵاویکردووەتەوە، شەمەندەفەرێک بە خێراییەکی زۆرەوە کێشاویەتی بە بارهەڵگرێکی گەورەدا کە لەسەر هێڵی ئاسنینەکە گیری خواردبوو، بەڵام هیچ کەسێک لەو رووداوەدا بریندار نەبووە.
بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی FlightAware، بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە لە رۆژانی شەممە و یەکشەممەدا زیاتر لە هەزار و 800 گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "شارلۆت دۆگلاس" لە کارۆلاینای باکوور هەڵوەشێنراونەتەوە. هەروەها لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەتڵانتاش، کە قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەی جیهانە، سەدان گەشت هەڵوەشێنراونەتەوە.
کەشناسیی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاندووە: "شەپۆلێکی تووندی هەوای جەمسەریی باکوور بەرەو باشووری فلۆریدا بەڕێوەیە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو بەیانیی یەکشەممە پلەکانی گەرما لەوێش بۆ ژێر سفر دابەزن."
نزمترین پلەی گەرما لە ناوچەی "دەیڤس" لە ویلایەتی ڤێرجینیای رۆژئاوا تۆمارکراوە کە گەیشتووەتە 33 پلە لەژێر سفر.
هەروەها بەپێی ماڵپەڕی poweroutage.us، تاوەکو بەیانیی یەکشەممە نزیکەی 156 هەزار هاوبەشی کارەبا بێ کارەبا ماونەتەوە، کە زۆربەیان لە ویلایەتەکانی میسیسیپی، تێنسی و لویزیانان.
کاریگەریی سەرماکە گەیشتووەتە ئاژانسی ناساش؛ بەو هۆیەوە ناسا تاقیکردنەوەیەکی گرنگی سووتەمەنی بۆ مووشەکێکی گەورەی 98 مەتری لە فلۆریدا دواخستووە، کە بڕیاربوو لەم مانگەدا گەشتێکی ئاسمانی بەدەوری مانگدا ئەنجام بدات، بەمەش گەشتەکە لانی کەم چەند رۆژێک دوادەکەوێت.