پڕۆژەیاسای "پاراستنی کورد" داوای سزادانی کێ دەکات؟
رووداو دیجیتاڵ
هەردوو سیناتۆر لیندزی گراهام و ریچارد بلومێنتال، پڕۆژەیاسایەکی هاوبەشیان بۆ پاراستنی کورد لە سووریا پێشكێش بە کۆنگرێسی ئەمریکا کردووە، کە سزای تووند بەسەر حکومەتی سووریا و هاوکارانیدا دەسەپێنێت ئەگەر دەست لە هێرشکردنە سەر کورد هەڵنەگرن.
پڕۆژەیاساکە بە ناوی "یاسای پاراستنی کورد" (Save the Kurds Act) لە خولی 119ـەمی کۆنگرێسدا پێشكێش کراوە. ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە سەپاندنی سزای ئابووریی فرەلایەنەیە بەسەر دیمەشق و رێگریکردنە لە لابردنی ناوی سووریا لە لیستی "دەوڵەتانی پشتگیریکاری تیرۆر" بەبێ رەزامەندیی کۆنگرێس.
پاراستنی هەسەدە وەک ئامانجێکی نیشتمانی
لە دەقی پڕۆژەیاساکەدا هاتووە کە "هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)" هاوبەشێکی سەرەکین لە تێکشکاندنی داعش و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە. ئاماژە بەوەش کراوە، هەر هەنگاوێکی حکومەتی سووریا یان هەر وڵاتێکی ناوچەکە بۆ لاوازکردنی هێزە کوردییەکان، بە "دژایەتیکردنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا" هەژمار دەکرێت.
سزاکان کێ دەگرێتەوە؟
پڕۆژەیاساکە داوا دەکات، لە ئەگەری هێرشکردنە سەر کورد، سزای دەستبەجێ بەسەر بەرپرسانی باڵای سووریادا بسەپێنرێت.
سزاکە کێ دەگرێتەوە؟
• سەرۆککۆماری سووریا.
• تەواوی وەزیرەکانی کابینەی حکومەت (بەتایبەت بەرگری، دارایی، دەرەوە و وزە).
• پارێزگاری بانکی ناوەندی و سەرکردە سەربازییەکان.
•بەڕێوەبەری کۆمپانیا حکومییەکان.
سزا دەخرێتە سەر هەر کەس و لایەنێکی بیانی کە هاوکاریی دارایی، مادی یان تەکنەلۆژی پێشكێش بە حکومەتی سووریا بکات، یان تێوەگلابێت لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
کەرتی دارایی و بانکی ناوەندی
پڕۆژەیاساکە سزا دەخاتە سەر ژێرخانی دارایی سووریا و بانکی ناوەندی و هەموو ئەو بانکە بیانییانەی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. هەروەها رێگری دەکات لە هەر جۆرە وەبەرهێنانێکی نوێی ئەمریکی لە سووریا.
رێگری لە لابردنی ناوی سووریا لە لیستی تیرۆر
تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم پڕۆژەیاسایە ئەوەیە، ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا بیەوێت ناوی سووریا لە لیستی دەوڵەتانی پشتگیریکاری تیرۆر لابدات، دەبێت 90 رۆژ پێشوەخت کۆنگرێس ئاگادار بکاتەوە. کۆنگرێسیش دەتوانێت بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی سیناتۆرەکان، ئەو بڕیارەی سەرۆک رەتبکاتەوە.
هەڵوێست بەرامبەر دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)
پڕۆژەیاساکە داوا لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکات، جارێکی دیکە "دەستەی تەحریری شام" (بەرەی نوسرەی پێشوو) وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی پۆڵێن بکات.
مەرجی هەڵپەساردنی سزاکان
سەرۆکی ئەمریکا تەنیا لەو کاتەدا دەتوانێت سزاکان هەڵپەسێرێت کە سووریا هەموو هێرشەکانی بۆ سەر هەسەدە رابگرێت. بەڵام ئەگەر هێرشەکان دەستیانپێکردەوە، سزاکان راستەوخۆ کارا دەبنەوە. ئەم یاسایە ئەگەر پەسند بکرێت، بۆ ماوەی 5 ساڵ کارا دەبێت.