لە دیاردەیەکی گەردوونی دەگمەندا چوار مانگ لە ئاسمانی سان پیتەرسبۆرگ دەرکەوتن


رووداو دیجیتاڵ

دانیشتووانی شاری سان پیتەرسبۆرگ لە رووسیا، شەوی رابردوو دیمەنێکی دەگمەن و سەرنجڕاکێشیان لە ئاسماندا بینی. لەبری یەک مانگ، وا دەردەکەوت چوار مانگی گەش لە ئاسماندا بن.
 
ئەم دیاردە گەردوونییە دەگمەنە بە ئینگلیزی پێیدەگوترێت Paraselene (پاراسیلین) یاخود مانگی ساختە. ئەم دیمەنە لە کاتی پڕبوونی مانگدا دەرکەوتووە، کاتێک کەشوهەوای شارەکە زۆر سارد و ئاسمانەکەشی ساف بووە.
 
ئەم دیاردەیە چۆن روودەدات؟
 
روونە کە تەنیا یەک مانگ لە ئاسمانی زەوی هەیە و سێ مانگەکەی دیکە تەنیا وێنەدانەوەی مانگە راستەقینەکەن. 
 
ئەم دیاردەیە کاتێک روودەدات کە تیشکی مانگ بەنێو تەنۆلکە سەهۆڵینە وردەکاندا تێدەپەڕێت. ئەو تەنۆلکە سەهۆڵینە وردانە لە بەرزاییەکانی بەرگەهەوادا پەرش و بڵاون. 
 
کاتێک تیشکی رووناکی مانگ بەو تەنۆلکانەدا دەڕوات، تیشکەکە دەشکێننەوە و وێنەی مانگ دروست دەبێت، بەمەش وادەردەکەوێت کە زیاتر لە مانگێک لە ئاسماندا بێت.
 
لەو ڤیدیۆ و وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، چوار بازنەی گەش لەسەر هێڵێکی ئاسۆیی لە ئاسمانی شارەکە دەردەکەون.
 
زانایان دەڵێن ئەم دیاردەیە لە شارەکاندا کەمتر دەبینرێت، بەڵام لەو شەوانەی زۆر ساردن و هەوا پڕ دەبێت لە تەنۆلکە سەهۆڵ، ئەگەری دەرکەوتنی هەیە. ئەمە هاوشێوەی دیاردەی "خۆری ساختە"یە کە لە کاتی رۆژدا و لە دەوروبەری خۆر دروست دەبێت.
 
بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم دیمەنەیان وەک "دیارییەکی جوانی سرووشت" ناوبردووە و وێنەکانی بە شێوەیەکی فراوان لە ئینتەرنێتدا بڵاوبوونەتەوە.