شاجوانی نوێی ئەڵمانیا بە رەچەڵەک ئێرانییە و دایکی دوو منداڵە
رووداو دیجیتاڵ
شاجوانی ساڵی 2024ی ئەڵمانیا ژنێکی 39 ساڵەی بە رەچەڵەک ئێرانییە و دایکی دوو منداڵە. ئەو ژنە دەڵێت، "شەڕی رق و کینە بە خۆشەویستی دەکرێت".
لە رێوڕەسمێکدا لە ئەڵمانیا، شاجوانی ساڵی 2024ـی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا. ئەوەی بووە جێگەی باسوخواسی زۆر، شاجوانی هەڵبژێردراو بە رەچەڵەک ئێرانی بوو کە دایکی دوو منداڵە.
ئەپامێ شۆناوە تەمەنی 39 ساڵە و لە قۆناخی کۆتایی پێشبڕکێکەدا توانی لە هەشت بەشداربووی دیکە بباتەوە و تاجی شاجوانی لەسەر بنرێت.
شۆناوە کاتێک تەمەنی شەش ساڵ بووە لەگەڵ دایک و باوکی چوونەتە ئەڵمانیا و لەوێ ئەندازیاریی بیناسازی تەواو کردووە و لەگەڵ پیاوێکی ئەڵمانی ژیانی هاوژینی پێکهێناوە.
دوای دەستنیشانکردنی وەک جوانترین ژنی ئەڵمانیا، لێشاوی رەخنە و ناڕەزایەتییەکان بۆ سەر ئەپامێ دەستیان پێکرد بەهۆی ئەوەی، "خەڵکی ئێرانە، وەک پێویست ئەڵمانی نییە، تەمەنی گەورەیە و پێستی سپی نییە".
ئەوە جگە لە بڵاوکردنەوەی چەندین وێنەی ئەپامێ و بەراوردکردنی بە ژنی بەساڵاچوو.
ئەپامێ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە ئینستاگرام بڵاویکردەوە، گوتی، "ئەوە بەهێزترم دەکات. شەڕی رق و کینە بە رق و کینە ناکرێت، بەڵکو بە خۆشەویستی دەکرێت".
رێکخەرانی پێشبڕکێی شاجوانی ئەڵمانیا لە 2019ـەوە بڕیاریانداوە کە جگە لە جوانی و رێکیی جەستە، سەرنج بخەنە سەر کەسایەتی و تێڕوانینەکانی بەشداربووان. یەکێک لە بەشداربووانی پێشبڕکێکەی ئەمساڵ نڤیشکان و یەکێکی دیکەش دڵی لەلایەن کەسێکی دیکەوە پێی بەخشرابوو.
ژنە بە رەچەڵەک ئێرانییەکە بە فراوانی کار لە داکۆکیکردن لە مافی ژنان دەکات.
ئەپامێ خاوەنی رێکخراوی "شێرەژن"ە و ئامانجی رێکخراوەکەی بریتییە لە "یارمەتیدانی ژنانی چەوساوە و ستەملێکراو و هاندانیان بۆ باسکردنی چیرۆک و ئەزموونەکانیان بۆ ئەوەی ببنە سرووش بۆ ئەوانی دیکە."
دوای بردنەوەی ناسناوە گرنگەکەی ژیانی، ئەپامێ گوتی، "ناوم ئاپامێ شۆناوەیە و ئەڵمانیم. زیاتر لە 11 ملیۆن ژن لە ئەڵمانیا دەژین کە پەنابەرن یان دایک و باوکیان پەنابەرە. بەداخەوە زۆربەی ئەو ژنانە تا ئێستا هەمان دەرفەتی ژنانی ئەڵمانییان لە کۆمەڵگە و بازاڕی کاردا نییە".
لەلایەکی دیکەوە، وەک پاڵپشتییەک بۆی، وێبسایتی فەرمیی پێشبڕکێکە لە بڵاوکراوەیەکدا نووسی، "ئێمە بەدوای ژنانێکدا دەگەڕێین کە بتوانن بەرپرسیارێتی لە ئەستۆبگرن و وەک نموونە بن بۆ خەڵک تا بتوانن کۆمەڵگەیەکی نوێ و سەردەمیانە دروستبکەن".
پێشتر رێکخەرانی پێشبڕکێکە لەبارەی هۆکاری دەستنیشانکردنی ئەپامێ رایانگەیاندبوو، "ئەپامێ یەکێکە لە بەشداربووان بەهۆی ئەوەی نموونەیەکی پێشەنگە بۆ ژنانی بەهێز و بوێری ئێران کە بە خۆپێشاندان و هەڵبڕینی دەنگیان ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و مافەکانیان".
پێشبڕکێی شاجوانی ئەڵمانیا لە ساڵی 1927ـەوە هەموو ساڵێک بەڕێوەدەچێت.