فەرەنسا رێگە لە 'هاوسەرگیریی ساختە' دەگرێت؛ کۆچبەران ناتوانن بە هاوسەرگیری مافی مانەوە بەدەستبهێنن
رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا دەیەوێت رێگە لە جۆرێکی هاوسەرگیری بگرێت، بەوەی رێگە نەدات بە هاوسەرگیری لەنێوان ئەوانەی مافی مانەوەیان نییە لەگەڵ ئەوانەی وڵاتینامەی فەرەنسی یان مانەوەیان لەو وڵاتە هەیە.
ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا رەشنووسی یاسایەکی پەسند کرد، کە وا دەکات ئەو کۆچبەرانەی مافی مانەوەیان نییە نەتوانن لەگەڵ کەسێک کە وڵاتینامەی فەرەنسای هەیە یان مافی مانەوەی لەو وڵاتە هەیە، هاوسەرگیری بکەن.
هۆکاری پەسندکردنی رەشنووسەکە ئەوەیە، بەپێی داتاکانی حکومەتی فەرەنسا، بە دەیان کەیسی هاوسەرگیریی لەو شێوەیە ئاشکرا بوون کە تەنیا بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە بوون و بەڕاستی روویان نەداوە.
هەندێک میدیای فەرەنسی باسی زۆرتر لە 400 کەیسی ساختەکاری لە هاوسەرگیریدا دەکەن. هێشتا جڤاتی نیشتمانیی فەرەنسا دەنگی لەسەر رەشنووسەکە نەداوە و دوای دەنگدان لەسەری، دەبێتە یاسا و جێبەجێ دەکرێت.