شەڕە قسەی نێو ئەنجوومەنی ئاسایش؛ نوێنەری ئێران بۆ ئەمریکا: بەڕێز بە، ئەمە بۆ خۆت باشترە
رووداو دیجیتاڵ
لە دوایین خولەکەکانی دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، گرژیی کەوتە نێوان نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران. نوێنەری تاران بە نوێنەری ئەمریکای گوت: "ئامۆژگاریت دەکەم، بەڕێز بیت، ئەمە بۆ خۆت و ئەو وڵاتەی نوێنەرایەتیی دەکەی، باشترە."
دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، هەریەک لە چین و رووسیا داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کرد بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە.
لە کۆبوونەوەکە، نوێنەرانی هەریەک لە ئێران، ئەمریکا، ئیسرائیل و چەندین وڵاتی دیکە ئامادەبوون و نوێنەری بەریتانیاش کۆبوونەوەکەی بەڕێوەبرد.
لە دوایین خولەکەکانی دانیشتنەکە، شەڕە قسە کەوتە نێوان ئەمریکا و ئێران. مایک واڵتیز، نوێنەری ئەمریکا داوای قسەی کرد و گوتی: "دەمەوێت مافی وەڵامدانەوەم بەکاربهێنم بەرامبەر بەو کەسەی بە ناو نوێنەری رژێمی ئێرانە. ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تووندی ئەم بانگەشە بێمانا و گاڵتەجاڕانەیە رەتدەکاتەوە کە دەڵێت کارەکانی ئەمریکا لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیدا ناگونجێن. بۆ ماوەی 47 ساڵە، رژێمی ئێران لە هەموو گۆشەیەک و لە کاتی هەر دانیشتنێکی پەرلەمانەکەیدا هاواری کردووە مەرگ بۆ ئەمریکا. هەوڵی داوە دەوڵەتی ئیسرائیل لەناو ببات، هەڵمەتێکی بێ کۆتایی لە خوێنرشتن و کوشتنی بەکۆمەڵی کردووە."
واڵتز لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو و گوتی: "[ئێران] بەرپرسە لە زنجیرەیەک هێرشی چەکداریی بێ پاساو بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل، کە پێشێلکردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. تەنانەت هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆک ترەمپی داوە. ئەم کارانەی نەک تەنیا بە شێوەی راستەوخۆ، بەڵکو لە رێگەی گرووپە بە وەکالەتەکانی کردوویەتی بۆ شاردنەوەی رەفتارە خراپەکانی، لە کاتێکدا لەبەردەم رای گشتیدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە قوربانییە."
لە بەرامبەردا، سەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران گوتی: "تەنیا یەک وشەم هەیە. ئامۆژگاریی نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەم کە بەڕێز بێت. ئەوە بۆ خۆت و بۆ ئەو وڵاتەشی نوێنەرایەتی دەکەیت باشتر دەبێت. سوپاس."
ئینجا واڵتز لە وەڵامدا گوتی: "من ئامادە نیم بە وەڵامێکی دیکە بەهای ئەم قسانە بەرز بکەمەوە، بەتایبەتی کاتێک ئەم نوێنەرە لێرە دانیشتووە و نوێنەرایەتی رژێمێک دەکات کە 10 یان هەزاران کەس لە گەلی خۆی کوشتووە و زۆرێکی دیکەشی زیندانی کردووە، تەنیا لەبەر ئەوەی داوای ئازادییان لە ژێر چەپۆکی ستەمکاریی ئێوە دەکرد. سوپاس جەنابی سەرۆک."
دەقی قسەکانیان:
سەرۆکی ئەنجوومەن: نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای قسەی کردووە بۆ ئەوەی لێدوانێکی دیکە بدات.
مایک واڵتز، نوێنەری ئەمریکا: سوپاس جەنابی سەرۆک، دەمەوێت مافی وەڵامدانەوەم بەکاربهێنم بەرامبەر بەو کەسەی بە ناو نوێنەری رژێمی ئێرانە. ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تووندی ئەم بانگەشە بێمانا و گاڵتەجاڕانەیە رەتدەکاتەوە کە دەڵێت کارەکانی ئەمریکا لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیدا ناگونجێن. بۆ ماوەی 47 ساڵە، رژێمی ئێران لە هەموو گۆشەیەک و لە کاتی هەر دانیشتنێکی پەرلەمانەکەیدا هاواری کردووە مەرگ بۆ ئەمریکا. هەوڵی داوە دەوڵەتی ئیسرائیل لەناو ببات، هەڵمەتێکی بێ کۆتایی لە خوێنرشتن و کوشتنی بەکۆمەڵی کردووە. بەرپرسە لە زنجیرەیەک هێرشی چەکداریی بێ پاساو بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل، کە پێشێلکردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. تەنانەت هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆک ترەمپی داوە. ئەم کارانەی نەک تەنیا بە شێوەی راستەوخۆ، بەڵکو لە رێگەی گرووپە بە وەکالەتەکانی کردوویەتی بۆ شاردنەوەی رەفتارە خراپەکانی، لە کاتێکدا لەبەردەم رای گشتیدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە قوربانییە. چالاکییە هەڕەشەئامێزەکانی ئێران بە شێوەیەکی راستەوخۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، سەربازەکانمان، بنکەکانمان لە دەرەوەی وڵات و هاوپەیمانەکانمان لە سەرانسەری جیهاندا دەخاتە مەترسییەوە. ئەمریکا هەموو هەوڵێکی دا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ ئەم ململانێیە لەگەڵ ئێران، بەڵام ئێران ئەو دەرفەتەی لەدەستدا. بۆیە بە هاوئاهەنگیی نزیک لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل، ویلایەتە یەکگرتووەکان رێکاری یاسایی گرتەبەر بۆ وەڵامدانەوەی ئەم هەڕەشانە بەپێی ماددەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان. جەنابی سەرۆک، لە کۆتاییدا تەنیا دەڵێم: دەزانیت کێ ئەمشەو گلەیی ناکات؟ دەزانیت کێ باس لە وردەکارییەکانی یاسای نێودەوڵەتی ناکات؟ دەزانیت کێ لە سەر شەقامەکانی جیهان ئاهەنگ دەگێڕێت؟ گەلی ئێران. جەنابی سەرۆک، رەنگە، تەنیا رەنگە، ئەوان دواجار ئازاد بن. سوپاس.
سەرۆکی ئەنجوومەن: سوپاسی نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەم بۆ لێدوانەکەی.
سەرۆکی ئەنجوومەن: نوێنەری ئێران داوای قسەی کردووە بۆ لێدوانێکی دیکە.
سەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران: سوپاس. تەنیا یەک وشەم هەیە. ئامۆژگاریی نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەم کە بە ئەدەب بێت. ئەوە بۆ خۆت و بۆ ئەو وڵاتەشی نوێنەرایەتی دەکەیت باشتر دەبێت. سوپاس.
سەرۆکی ئەنجوومەن: نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکان داوای قسەی کردووەتەوە.
نوێنەری ئەمریکا: بە راشکاوی، من ئامادە نیم بە وەڵامێکی دیکە بەهای ئەم قسانە بەرز بکەمەوە، بەتایبەتی کاتێک ئەم نوێنەرە لێرە دانیشتووە و نوێنەرایەتی رژێمێک دەکات کە دەیان هەزاران کەس لە گەلی خۆی کوشتووە و زۆرێکی دیکەشی زیندانی کردووە، تەنیا لەبەر ئەوەی داوای ئازادییان لە ژێر چەپۆکی ستەمکاریی ئێوە دەکرد. سوپاس جەنابی سەرۆک.