تەقینەوەیەک لە بنکەی "ئەکرۆتیری"ی بەریتانی لە قوبرس روویدا و دۆخی نائاسایی راگەیەندرا

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی یەکشەممە، "هەڕەشەیەکی ئەمنی" لە بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا لە قوبرس راگەیەندرا و دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێزیش لە بنکەی ئاسمانیی "ئەکرۆتیری" بیسترا.
 
سەرچاوە ئاگادارەکان بە میدیاکانی قوبرسیان راگەیاندووە، فەرمان بە هەموو کارمەندانی ناو بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا کراوە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و تاوەکو ئاگەدار دەکرێنەوە لە ماڵەوە بمێننەوە. هەروەها رێنماییان پێدراوە کە "لە پەنجەرەکان دوور بکەونەوە و لە پشت یان لەژێر کەلوپەلی قورسی ناو ماڵەکانیاندا خۆیان پەنا بدەن."
 
هاوکات لە بنکەی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا (RAF Akrotiri) دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە. تاوەکو ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە بە روونی دیار نییە، بەڵام راپۆرتە سەرەتاییەکان باس لە ئەگەری "کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەک" دەکەن. دوای تەقینەوەکە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لەناو بنکەکە لێدراوە.
 
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە حکومەتی قوبرس پێشتر ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باسیان لە هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر بنکەکانی بەریتانیا لە ناوچەکە دەکرد.
 
هەر ئەمڕۆ کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رێگەی دا کە ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ مەبەستی "بەرگری" و بە شێوەیەکی "سنووردار" بەکاربهێنێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ تەشەنەسەندنی شەڕ لەنێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران.