لە ترسی کاردانەوەی ئێران؛ رێوشوێنە ئەمنییەکانی دەوروبەری کۆنگرێسی ئەمریکا تووند دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ گەڕانەوەی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ سەر کارەکانیان، رێوشوێنە ئەمنییەکانی دەوروبەری باڵەخانەی کۆنگرێس لە واشنتن تووندکراون. ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر ئەگەرێکی "تیرۆریستی" دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
 
بڕیارە لە شەوی یەکشەممەوە (بە کاتی واشنتن)، رێوشوێنە ئەمنییەکان لە دەوروبەری باڵەخانەی کۆنگرێس زیاد بکرێن. هەرچەندە بەرپرسانی ئەمنی دەڵێن تاوەکو ئێستا "هیچ هەڕەشەیەکی دیاریکراو و باوەڕپێکراو" لە ئارادا نییە، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنەکانی دوای هێرشەکەی سەر ئێران، وریایی زیاتر دەگیرێتەبەر.
 
تووندکردنی رێوشوێنەکان هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی کۆنگرێس؛ بڕیارە پاشنیوەڕۆی دووشەممە ئەنجوومەنی پیران (سێنات) کۆببێتەوە، لە کاتێکدا ئەنجوومەنی نوێنەران رۆژی دووشەممە لە پشوودا دەبن.
 
سەبارەت بە بەربەستە فیزیکییەکان، بەرپرسانی ئەمنی ئاماژەیان بەوە کردووە کە تاوەکو ئێستا هیچ پلانێک بۆ دانانی پەرژینی گەورە یان بەربەستی ئاسنین لە دەوروبەری باڵەخانەکە نییە.
 
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و هێرشی راستەوخۆ کراوەتە سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی هەردوولا لە ناوچەکەدا.