باڵیۆزی بەحرێن بۆ رووداو: ئێران بە 186مووشەک و 419 درۆن هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکەمان
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی بەحرێن لە نەتەوە یەکگرتووەکان قەبارەی ئەو زیانانە ئاشکرا دەکات کە بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بەر وڵاتەکەی و وڵاتانی دیکەی کەنداو کەوتوون و رایدەگەیێنێت، ژێرخانی مەدەنییان بە شێوەیەکی بەرچاو کراوەتە ئامانج.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، جەمال فارس ئەلرووەیعی، باڵیۆزی بەحرێن لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە وڵاتەکەی لەم مانگەدا سەرۆکایەتی خوولی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو، ئاماری نوێی هێرشەکانی ئێرانی خستە روو.
باڵیۆزی بەحرێن رایگەیاند: "بەپێی دوا ئامارەکان، تەنیا بۆ سەر بەحرەین 186مووشەک و 419 درۆن هاوێژراون." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم ژمارانە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو زۆر لەوە بەرزترن، بۆ نموونە ئیمارات بە هەزاران مووشەک کراوەتە ئامانج و زیانی زۆر گەورەی پێگەیشتووە.
سەبارەت بە شوێنی هێرشەکان، ئەلرووەیعی گوتی: "ئەم هێرشانە بێ پاساو و نادادپەروەرانە بوون. ژێرخانی مەدەنی، وێستگەکانی سازگارکردنی ئاو، کۆگاکانی نەوت، دامەزراوە مەدەنییەکان، باڵەخانەکان، هۆتێلەکان و تەنانەت فڕۆکەخانەکانیش کراونەتە ئامانج."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ رووداو، باڵیۆزی بەحرێن باسی لە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا کرد و گوتی: "دەبێت لوبنان بپارێزرێت و نابێت پەلکێشی نێو ئەم ململانێیە بکرێت. پێویستە پشتگیری حکومەتی لوبنان بکرێت لە هەوڵەکانیدا بۆ داماڵینی چەک و چەسپاندنی سەقامگیری."
باڵیۆزی بەحرێن ستایشی ئازایەتی هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەی کرد لە تێکشاندنی هێرشەکاندا، بەڵام جەختی کردەوە کە بەردەوامی ئەم هێرشانە هەڕەشەیەکی جددییە و پێشێلکارییەکی زەقی سەروەری وڵاتانی ناوچەکەیە، لە کاتێکدا وڵاتانی کەنداو لایەن نین لەو ململانێیانەدا.
دەقی پرسیار و وەڵامی نامۆ عەبدوڵڵا لە باڵیۆزی بەحرێن لە نەتەوەیەکگرتووەکان
رووداو: من نامۆ عەبدوڵڵام لە تۆڕی میدیایی رووداو لە کوردستانی عێراق. تا ئێستا بەحرەین بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە تووشی چەند زیان بووە؟ دەتوانیت خەمڵاندنێکمان پێ بدەیت، چۆن دەڕواننە ئەو شەڕەی ئێستا کە لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە لوبنان دا هەیە؟
باڵیۆزی بەحرێن: دوایین ئامارەکان 186مووشەک و 419 درۆن. من ئێستا تەنها جەخت لەسەر بەحرەین دەکەمەوە. بێگومان ئامارەکان کاتێک دێتە سەر وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو (GCC) بەرزترن. بۆ نموونە، ئیمارات بە هەزاران مووشەک کراوەتە ئامانج، بۆیە قەبارەی زیانەکان زۆر گەورەیە.
ژێرخانی مەدەنی لە ئیمارات بە شێوەیەکی بەرچاو زیانی پێگەیشتووە. کاریگەرییەکانی هێرشی ئێران، کە بێ پاساو و نادادپەروەرانەیە دژی شانشینی بەحرەین و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو و ئوردن و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە. ئەم هێرشانە زیانیان گەیاندووە بە ژێرخان، وێستگەکانی سازگارکردنی ئاو، تەنکییەکانی نەوت، دامەزراوە مەدەنییەکان، ژێرخانی مەدەنی، باڵەخانەکان، هۆتێلەکان، هەموو ئەم دامەزراوانە کراونەتە ئامانج، ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی زیانی گەورە.
ئەمە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو و ئوردنیش راستە. فڕۆکەخانەکان کراونەتە ئامانج، و ژێرخانی مەدەنی کراوەتە ئامانج، ئەمانە ئاماژەی روونن.
بێگومان وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو و شانشینی بەحرەین لایەن نەبوون لەم ململانێیانەدا، بەڵام لەلایەن ئێرانەوە لە ڕێگەی هێرشی بێ پاساو و ناڕەواوە هێرشیان کراوەتە سەر.
ئێمە بێگومان سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی دەردەبڕین بۆ ئازایەتییان لە تێکشاندنی ئەم هێرشانە. بەڵام بێگومان، ئەم هێرشانە بەردەوامن لە دروستکردنی هەڕەشە و پێشێلکارییەکی زەقی سەروەری وڵاتانی ناوچەکە.
وەک جەختمکردووەتەوە، دەبێت لوبنان بپارێزرێت. نابێت پەلکێشی نێو ئەم ململانێیە بکرێت. لوبنان پێویستی بە پاڵپشتییەکی زۆر هەیە. ئەم سەرکێشییانە قبوڵنەکراون، دەبێت رابگیرێن بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی لوبنان، و دەبێت پشتگیری حکومەتی لوبنان بکەین لە هەوڵەکانیدا. ئەوان هەوڵی جدی دەدەن لە بواری داماڵینی چەک بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لوبنان. کەواتە بۆچی دەبێت لوبنان پەلکێشی ناو ئەم ململانێیە بکرێت؟ بڕوام وایە ئەنجوومەنی ئاسایش ئاگاداری ئەم بابەتانەیە، ئەنجوومەن بەردەوام لە پێشهاتەکانی لوبنان ئاگادار دەکرێتەوە.