جەنگی دژی ئێران نرخی بەنزینی لە ئەمریکا گەیاندە بەرزترین ئاستی چوار ساڵی رابردوو
رووداو دیجیتاڵ
لە بەنزینخانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوەی شۆفێران دەیبینن دڵخۆشکەر نییە. نرخەکان بە شێوەیەک هەڵکشاون کە لە چوار ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە. لە نیویۆرک، پڕکردنی باکی ئۆتۆمبێلەکان بووەتە بارگرانییەکی گەورە بۆ سەر گیرفانی هاووڵاتییان.
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک لە بەردەم بەنزینخانەیەکی ئەو شارەوە دەڵێت: "من ئێستا لە بەنزینخانەیەکم لە شاری نیویۆرک، وەکو دەبینن نرخی گاڵۆنێک بەنزین گەیشتووەتە نزیکەی چوار دۆلار. ئەگەر بە وردی هەژماری بکەین، هەر گاڵۆنێک لە سێ لیتر و نیو زیاترە، ئەمەش واتا نرخی هەر لیترێک بەنزین لە دۆلارێک زیاترە. ئەم بازدانە لە نرخەکان دا، گوشارێکی دارایی تووندی لەسەر زۆرینەی شۆفێران دروستکردووە."
ئەم گرانبوونە کاریگەریی راستەوخۆی کردووەتە سەر داهاتی خێزانەکان. هاووڵاتییان دەڵێن، ناچارن بەشێکی زۆری مووچەکانیان تەنیا بۆ هاتوچۆ خەرج بکەن.
گاڤی، دانیشتووی نیویۆرک گوتی: "بە لایەنی کەمەوە دەبێت 10 بۆ 15 لەسەدا زیاتری داهاتمان بدەین بە بەنزین. بەڵام هیچمان پێناکرێت، چونکە ئەمە پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە."
سەرچاوەی کێشەکە لای زۆرینەی ئەمریکییەکان روونە؛ گرژییەکانی واشنتن و تاران و جەنگی ئێران، کاریگەریی تووندیان لەسەر بازاڕی وزە داناوە. هەندێک لە دانیشتووانی نیویۆرک بە ئاشکرا پەنجەی تۆمەت بۆ کۆشکی سپی رادەکێشن.
لە وەڵامی پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵڵا کە پرسەی "کێ هۆکاری گرانبوونی بەنزینە؟" بۆب کۆناگ، دانیشتووی نیویۆرک وەڵامی دایەوە و گوتی: "زۆر ئاسانە، هۆکارەکەی ترەمپە، بەهۆی ئەم جەنگەوە. ئەگەر تەواوی ئەو ناوچەیەیان نەسەقامگیر نەکردایە، تانکەرەکان دەیانتوانی بە ئاسانی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن و بڕی پێویست بەنزین بۆ بازاڕ دابین دەکرا."
بەپێی دوایین راپرسییەکان، نزیکەی 60%ی ئەمریکییەکان دژی ئەم جەنگەن و بە هەمان رێژەش لە ئەدای دۆناڵد ترەمپ ناڕازین.
ئێستا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە؛ ئایا بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و شتومەک، دەبێتە ئەو گوشارە گەورەیەی کە ترەمپ ناچار بکات کۆتایی بە جەنگی ئێران بهێنێت؟ وەڵامی ئەمە لە سندووقەکانی دەنگدان یان لە بڕیارە نوێیەکانی کۆشکی سپییەوە دەردەکەوێت.