دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئەمریکا/ئیسرائیل و ئێران

رووداو دیجیتاڵ 

جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێی ناوەتە قۆناخێکی هەستیار؛ لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ خۆی بۆ گوتارێکی گرنگ ئامادە دەکات، تاران لێدوانەکانی واشنتن بۆ ئاگربەست رەت دەکاتەوە و هێرشە ئاسمانییەکانیش ناو جەرگەی پایتەختی ئێرانیان هەژاندووە.
 
کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شەوی چوارشەممە (بەرەبەیانی پێنجشەممە کاژێر 4:00 بەکاتی هەولێر) گوتارێکی تایبەت لە سەر جەنگی ئێران ئاراستەی گەلی ئەمریکا دەکات. 
 
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، بەهۆی گرانیی نرخەکان و دڵەڕاوکێی ئابوورییەوە، رێژەی پشتگیریی ترەمپ لە ناوخۆدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو، جەنگەکە رەنگە لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەدا کۆتایی بێت.
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی لێدوانەکانی ترەمپی رەتکردەوە سەبارەت بەوەی کە تاران داوای ئاگربەستی کردبێت. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "قسەکانی ترەمپ لە سەر داواکاریی ئێران بۆ ئاگربەست درۆن و هیچ بنەمایەکیان نییە." هەروەها، سوپای پاسداران جەختی کردەوە، تەنگەی هورمز بە رووی "دووژمنان"دا بە داخراوی دەمێنێتەوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ مەرجەکەی ترەمپ کە داوای کردنەوەی تەنگەکەی کردبوو بۆ راگرتنی هێرشەکان.
 
میدیای ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ماڵەکەی لە تاران، کەمال خەرازی، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران و راوێژکاری ئێستای حکومەت، بە سەختی بریندار بووە. راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەو هێرشەدا هاوژینی کەمال خەرازی کوژراوە.
 
دەزگەی فریاکەوتی ئیسرائیل رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەری تەلئەڤیڤ، 14 کەس بریندار بوون، کە کچێکی تەمەن 11 ساڵانیان تێدایە. هەروەها لە باکووری وڵاتەکەش پیاوێکی تەمەن 61 ساڵان بەهۆی بۆردوومانەکانی حیزبوڵڵاوە بریندار بووە.
 
ئابووری و هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان
 
بۆرسە و نەوت: دوای لێدوانەکانی ترەمپ لە سەر کۆتاییهاتنی جەنگ، بۆرسەکانی جیهان هەڵکشان و نرخی نەوت دابەزی، سەرەڕای ئەوەی تاران ئەو قسانەی رەتکردەوە.
 
بانکی جیهانی: پاشکال دۆنۆهۆ، بەڕێوەبەری بانکەکە رایگەیاند، "زۆر نیگەرانن" لە لێکەوتەکانی جەنگ لە سەر هەڵاوسان و ئاسایشی خۆراک، هەروەها هاوپەیمانییەکیان لەگەڵ سندوقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) پێکهێناوە بۆ هاوکاریکردنی وڵاتان.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رووی دەمی کردە گەلی ئەمریکا و پرسیاری لێ کردن: "ئایا ئەم جەنگە بە راستی خزمەت بە دوروشمی (سەرەتا ئەمریکا) دەکات؟" پزیشکیان واشنتنی بە تاوانی جەنگ و کەوتنە ژێر کاریگەریی ئیسرائیل تۆمەتبار کرد.
 
لەلایەکی دیکەوە، ڤۆڵکەر تورک، بەرپرسی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا، وڵاتانی ناوچەکە جەنگ وەک پاساو بۆ سەرکوتکردنی ئازادییەکان و رۆژنامەگەری بەکاردەهێنن، بەتایبەتی لە ناو ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکادا.