باڵیۆزی ئێران لە رووسیا 5 مەرجی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئێران لە رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی خوازیاری شەڕ نییە و ئامادەی دانوستاندنە، بەڵام بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخەی ناوی ناوە "شەڕی سەپێندراو"، 5 مەرجی سەرەکییان هەیە.
کازم جەلالی، باڵیۆزی ئێران لە رووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی رووسیا تودەی رایگەیاند، "ئێران شەڕخواز نییە و هەمیشە دانوستاندنمان کردووە، ئەگەر هەلومەرجی دانوستانی دروست بێتە پێشەوە، ئەنجامی دەدەین."
هەروەها 5 مەرجی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان بەم شێوەیە دیاریکرد:
1- بەدەستهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا، چونکە تەنیا ئاگربەست بەس نییە و دەرفەت دەداتە دوژمنان بۆ نوێکردنەوەی هێزەکانیان.
2- دەستنیشانکردن و سزادانی لایەنی دەستدرێژکار.
3- لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ؛ جەلالی ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک زیان وەک "کوژرانی سەرکردەکان" قەرەبوو ناکرێنەوە، بەڵام دەبێت زیانە ماددییەکان قەرەبوو بکرێنەوە.
4- هەڵگرتنی تەواوی سزاکانی سەر ئێران.
5- دانپێدانان بە مافە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
کازم جەلالی جەختی لەوەش کردەوە، "ئەمە ئەو دۆخەیە ئێستا ئێران تێیدایە، ئەگەر هەر رۆژێک تێبگەین ئەم مەرجانە ئامادەن و دەتوانرێت دانوستان بکرێت، چونکە ئێران بەدوای شەڕدا ناگەڕێت. بە دڵنیاییەوە دانوستاندن دەکەین."