ترەمپ: ئێران بە تەواوی وێران دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرۆکی نوێی ئێران داوای ئاگربەستی لێکردوون، دەشڵێت تەنیا ئەو کاتە بیر لە ئاگربەست دەکەنەوە کە تەنگەی هورمز بەتەواوی بکرێتەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 1ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیاڵی خۆی بڵاویکردەوە، "سەرۆکی رژێمی نوێی ئێران، کە زۆر کەمتر توەندرەو و زۆر زیرەکترە لەوانەی پێش خۆی، هەر ئێستا داوای ئاگربەستی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد". ئەمە بەبێ ئەوەی ترەمپ ئاماژە بەوە بکات کە سەرۆکی ئێران کێیە یان ئێران هیچ "سەرۆکێکی نوێی" دیاریکردبێت. 
 
سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە کاتێک بیر لەو داواکارییە دەکەینەوە کە تەنگەی هورمز کراوە، ئازاد و بێ گرفت بێت. تا ئەو کاتە، ئێمە ئێران بەرەو نەمان دەبەین یان وەک دەڵێن، دەیگەڕێنینەوە بۆ چاخی بەردین". 
 
ئەو گوتانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە 33 رۆژە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەردەوامە. جەنگەکە بە هێرشکردنە سەر تاران دەستیپێکرد و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. 
 
لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە. پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بە تەنگەکەدا هەناردە دەکرا کە 20%ی کۆی بەرهەمی نەوتی هەناردەکراوی رۆژانەی جیهان بوو. 
 
سەرۆکی ئەمریکا چەند جارێک ئاماژەی بەوە کردووە کە لەلایەن ئێرانەوە داوای ئاگربەستیان لێکراوە، بەرپرسانی تارانیش بوونی هەر جۆرە گفتوگۆیەکیان بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا رەتکردووەتەوە. 
 
بەرپرسانی تاران دەڵێن، تەنیا رێگە بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ ئەوەیە کە قەرەبووی زیانەکانی جەنگەکە بکرێنەوە و گەرەنتیان پێبدرێت کە جارێکی دیکە هێرشیان ناکرێتەوە سەر.