کشمیر لەبەردەم مەترسیی جەنگدا؛ هیندستان و پاکستان هێز کۆدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
هیندستان و پاکستان هێزەکانیان لەسەر سنووری نێوانیان زیادکردووە. پەیوەندییەکانی دەلهی و ئیسلاماباد بەرە بەرە گرژتر دەبن، ئەمە دوای رووداوەکەی 22ـی ئەم مانگە کە لە هێرشێکی چەکداریدا 26 کەس کوژران.
بەرپرسانی پاکستان دەڵێن، هیندستان ئەوە وەکو بیانوویەک بۆ هێرشکردنە سەریان بەکاردەهێنێت.
عەتائوڵڵا تارار، وەزیری راگەیاندنی پاکستان لەبارەی هێرشی هیندستان بۆ سەر وڵاتەکەیانەوە دەڵێت، "پاکستان زانیاری باوەڕپێکراوی هەیە کە هیندستان دەیەوێت رووداوەکەی پەهەلگەم وەکو بیانوویەکی بێ بنەما بەکاربهێنێت و لە ماوەی 24 بۆ 36 کاژێری داهاتوودا هێرشێکی سەربازی بکات."
وەزیری گەیاندنی پاکستان دەشڵێت، "هەڵسوکەوتی هیندستان کە وەکو دادوەر، دەستەی سوێندخۆران و جەلاد مامەڵە لە ناوچەکە دەکات رەتدەکەینەوە".
لە رۆژی هێرشەکەی 22ـی مانگەوە رۆژانە سوپای پاکستان و هیندستان تەقە لە یەکدی دەکەن. سەرۆکوەزیرانی هیندستانیش ئازادی تەواوی بۆ وەڵامدانەوەی هەموو جۆرە هێرشێک بە سوپا داوە.
بە گوێرەی ئاماری نافەرمی، هیندستان 300 هەزار و پاکستانیش 200 هەزار سەربازیان لەو سنوورانە هەیە، ئەمەش مەترسی پێکدادانی هەردوولای زیاتر کردووە.
گوۆ جیاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چینیش لەبارەی پێکدادانەکانی هیندستان و پاکستانەوە دەڵێت، "هیندستان و پاکستان دوو وڵاتی گرنگی باشووری ئاسیان. بەیەکەوەژیانیان گرنگە بۆ ئاشتی، سەقامگیری و گەشەسەندنی ناوچەکە. وەکو دراوسێیەکی هیندستان و پاکستان، چین داوای دانبەخۆداگرتن لەهەردوولا دەکات".
تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی گرژییەکانەوە گوتی، "سەبارەت بە دۆخی کشمیر و پەیوەندی هیندستان و پاکستان. وەزیری دەرەوە گوتی، لەگەڵ هەردوولا لە پەیوەندیداین و پێیاندەڵێین دۆخەکە ئاڵۆزتر مەکەن."
نزیکەی 15 ملیۆن کەس لە کشمیر دەژین کە 10 ملیۆنیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هیندستاندان. درێژی سنووری هیندستان و پاکستان لە کشمیر 740 کیلۆمەترە و نزیکەی پێنج ملیۆن کەس لەو ناوچانە دەژین.
خەڵکی ناوچەکە لە هەڵگیرسانی جەنگ دەترسن، بۆ ئەو ئەگەرەش، حەشارگەیان ئامادەکردووە.
ریاز ئەوان، جوتیارە لە ناوچەکە و باس لەوە دەکات، "زۆر نزیک لە سنوورەکان دەژین کە تەقە و تۆپبارانی یەکدی لێوە دەکەن. رۆژانە تەقە لەیەک دەکەن و ئەمەش ئەزموونێکی ناخۆش بووە کە نامانەوێت منداڵەکانمان پێیدا بڕۆن".
کشمیر، هەرێمێکی دەوڵەمەندە بە کانزا و دیمەنی جوانی سرووشت، لە ساڵی 1947ـەوە لەنێوان هیندستان و پاکستان دابەشکراوە.
هیندستان 55٪ـی ئەو هەرێمەی لەژێر دەستە، هەرچی پاکستانە 30٪ـی کۆنترۆڵ کردووە. ئەوەی دیکەش لەژێر کۆنترۆڵی چینە.