شارەزایانی سەربازی: درۆنە هەرزانەکان رۆڵی هەلیکۆپتەرە شەڕکەرەکان دەگۆڕن

رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی راپۆرتێکی شیکاریی سەربازی، بەکارهێنانی درۆنە هەرزانەکان لەلایەن سوپای ئۆکرایناوە بۆ خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرە پێشکەوتووەکانی رووسیا، وای لە شارەزایانی سەربازی کردووە پێداچوونەوە بە داهاتووی هێلیکۆپتەرە شەڕەکەرەکاندا بکەن. شارەزایان پێیانوایە سەردەمی هێلیکۆپتەر کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو لەمەودوا شێوازی بەکارهێنانیان دەگۆڕێت.
 
وەک ئەوەی لە راپۆرتی مەیدانیی لیوای 59ـی هێرشبەری سوپای ئۆکراینادا هاتووە، لە ئاداری 2026، درۆنێکی بچووکی ئۆکراینی خۆی کێشاوە بە هێلیکۆپتەرێکی پێشکەوتووی رووسی لە جۆری (Ka-52) و ناچاری کردووە بەپەلە بنیشێتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی کیێڤ ئیندیپێندێنت-ی ئۆکراینی پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەمە دووەم جارە هێلیکۆپتەری رووسی بەم شێوەیە دەکرێتە ئامانج، هەروەها بەپێی ئامارەکانی ئەو رۆژنامەیە، ژمارەی ئەو هێلیکۆپتەرە رووسییانەی لە سەرەتای شەڕەکەوە خراونەتە خوارەوە گەیشتووەتە 350 هێلیکۆپتەر.
 
ئایا سەردەمی هێلیکۆپتەر بەسەرچوو؟
 
شارەزایانی سەربازی لەو باوەڕەدان کە هێلیکۆپتەر چیدیکە ناتوانێت بە ئازادی و بێ ترس لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ بسووڕێتەوە. درۆنەکان کە نرخێکی زۆر هەرزانیان هەیە، دەتوانن لەناکاو هێرش بکەن، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هێلیکۆپتەرێک کە نرخەکەی نزیکەی 16 ملیۆن دۆلار بێت.
 
داهاتووی هێلیکۆپتەر چی لێدێت؟
 
بەگوێرەی شیکاریی شارەزایان، هێلیکۆپتەرەکان لەنێو ناچن، بەڵکو ئەرکەکەیان دەگۆڕێت بۆ دوو شتی نوێ:
 
یەکەم، دەبنە راوچیی درۆن: شارەزایان ئاماژە بە رووداوێکی پێشوو دەکەن، کاتێک فڕۆکەوانە سعودییەکان بە هێلیکۆپتەری ئاپاچی زۆر بەسەرکەوتوویی درۆنەکانی ئێرانیان لە ئاسمانی تەنگەی هورمز خستە خوارەوە، بۆیە دەکرێت ئەمە ببێتە ئەرکێکی نوێی هێلیکۆپتەر.
 
دووەم، دەبنە "کەشتیی دایک" بۆ درۆنەکان: بەپێی پڕۆژەیەکی پێشنیازکراوی سوپای ئەمریکا بە ناوی کۆمپانیای فۆکسترۆت، هێلیکۆپتەرەکان لەمەودوا لە هێڵی پشتەوەی شەڕ دەوەستن، سەربازەکان لەنێویانەوە ژمارەیەکی زۆر درۆن هەڵدەدەن و ئاراستەی دووژمنی دەکەن، لەبری ئەوەی خۆیان بچنە نێو ئاگری شەڕەکەوە.